خەڵكی سلێمانی داوا دەكەن ئەو بەرپرسە ئەمنیانەی لەپشتی چەتەكانەوەن ئاشكرا بكرێن
دوێنی گرووپێكی دەمامكداری چەكداری ڕێیان لە ژمێریارانی نەخۆشخانەی شار گرت و بڕی ملیارێك و 250 ملیۆن دیناریان دزی، بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی هێز لە شارەكە ئەمڕۆ بەیانی ئاسایش ڕای گەیاند، توانیویانە ئەو تۆمەتبارانە بگرن و پارەكەیش بگەڕێننەوە. لەكاتی گرتنی ئەو كەسانەدا تەنیا بە دەموچاوێكی شاردراوە گوتە لە تۆمەتبارەكان وەرگیراوە ئەوەیش نیگەرانی لای خەڵكی سلێمانی دروست كردووە و داوا دەكەن بە ڕوونی ددانپێدانی ئەو كەسانە بڵاو بكرێتەوە.
رێباز نووری شارەزای تەناهیی لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، ” ئەگەر باندەكە ئەو باندە ڕاستەقینەن كە تۆمەتباری دزینی پارەكەی نەخۆشخانەی شارن، پێویستە بەڕوونی ددانپێدانیان بڵاو بكرێتەوە، چونكە بەم شێوەیە گومان دەخرێتە سەر ئەو كارە”.
جیا لەوە بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دا داوا دەكەن دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی ددانپێدانانی ئەو تۆمەتبارانە بڵاو بكرێتەوە.
داواكاری هاووڵاتییان لە دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ سەرۆكی عەشیرەتێكی گەورەی سنووری سلێمانی رای گەیاند، خەڵكی كوردستان و سلێمانی باش دەزانن كێ لەو سنوورە لە پشتی دروست كردنی باند و دزین و تاڵان كردن و پیاو كوشتنەوەن.