راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كرد

 

بەمەبەستی تاوتوێكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كوردستان و توركیا, ئەمڕۆ شاندێكی وڵاتی توركیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوو لەگەڵ راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوە, لە كۆبوونەوەكە پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆیان لە بارەوەكرا.

ئەمرۆ چوارشەممە 13/3/2019، مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە سداد ئونال، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد و تێیدا لەو دیدارەدا دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پەیوەندییە دووقۆڵیەكان و هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پرسە هاوبەشەكان تاوتوێ كرا.

مەسرور بارزانی، خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەكان دووپات كردەوە، بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت و خزمەت بە ئاشتی وسەقامگیری و دراوسێیەتی باش بكات.

لەلای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ئاواتی سەركەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆكایەتی كردنی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ویستی حكومەتی وڵاتەكەی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك دراوسێ و دەروازە بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق دەربڕی.

گفتوگۆكردن لەبارەی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ناوچەكە و رەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەكان و رۆڵی كۆمپانیاكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button