بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان: یەكێتی لە رووی ئەمنی هاوكاری هەڤاڵ ئەبوو بەكر ناكات, پێدەچێت دزەكانی دوێنێ‌ نزیك بن لەو دەزگا ئەمنیانە

 

دوای ئەوەی بە پێی رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆران و یەكێتی پارێزگاری سلێمانی لە نێوان ئەو دوو حزبە دووساڵ بە دووساڵ بەڕێوەبردرا, ئەندامێكی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاشكرای كرد كە لە سلێمانیدا بەهۆی ئەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی سەر بە بزووتنەوەكەیانە، دەزگا ئەمنییەكان هاوكاریی ناكەن. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”ڕەنگە“ ئەوانەی مووچەی نەخۆشخانەی شاریان دزیوە، ”هەر لە خۆیانەوە نزیك بن“.

خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕایگەیاند: “لە سلێمانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دەزگای زانیاری سەر بە حزبێكی سیاسیی دیاریكراو هەیە، بەڵام ھەڤاڵ ئەبوبەكر و پۆستەكەی لە بزووتنەوەیەكی سیاسییە كە لەو ھێزانەدا پشكمان نییە و ھێزێكی مەدەنین و تەنیا لە حكوومەت بەشدارین، لەبەر ئەوە ئەگەر ھەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری ئەوان بووایە، ئەوا دەیتوانی ڕۆڵ ببینێ، بەڵام لەبەر ئەوەی لە گۆڕانە ئەوان و دەزگا ئەمنییەكانیان ھاوكاری ناكەن و دەزگاكانی خۆیانی بخەنە بەردەست”.

خەلیل سەركانی نەیشاردەوە كە ”ڕەنگە“ هەڤاڵ ئەبوبەكر چەندە ڕەچاوی گۆڕان دەكات، هێندە و زیاتریش ڕەچاوی لایەنەكانی دیكە یبكات، چونكە ”ئێمە نەمانویستووە پارێزگارەكەمان حزبایەتی بكات“.

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی:” لە ھەر شوێنێك مەلەفی ئەمنی بەدەست ھەر حزبێك بێت، لە باش و خراپی دۆسیەكەدا ئەو حزبە بەرپرسە، لێرەش بەدەست یەكێتییە، جارێ بابزانین ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە لە ئەنجامدا دەردەكەوێ كێن، ڕەگە ھەر لە خۆیانەوە نزیك بن”.

Back to top button