سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا كرد
ئەمڕۆ چوار شەممە 13ـی3ـی2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری موسەنا ئەحمەد مەنفی و شاندی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ دیدار و پێشوازییان و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق، پێزانینیان هەبوو بۆ قوربانیدانی گەلی كوردستان لە خەباتی دژی دیكتاتۆریەت و شەڕی تیرۆر. پارێزگار و شاندی یاوەری هەوڵەكانی سەرۆك بارزانیان بەرزنرخاند لە رووبەڕبوونەوەی دیكتاتۆرییەت و قووڵكردنەوەی بنەماكانی دیموكراسیەت و پێكەوەژیان لە عێراقدا.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باسی بارودۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیانی عێراق و بەتایبەتی پارێزگای موسەنا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور كرا و تەئكیدیان لە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان كردەوە كە بتوانن ئەم ئەزموونە بۆ پێشخستن و هەروەها پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار لە پارێزگاكەیان بگوازنەوە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگەكەیان پتەوتر بكەن
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا بارودۆخ و كێشەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و جەخت لە پێویستی جێبەجێكردنی دەستوری عێراق وەك چارەسەر بۆ كێشەكان كرایەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق و بەتایبەتی پارێزگای موسەنا بە گرنگ وەسف كرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق دەستور بنەمای چارەسەری كێشەكان بوایە، عێراق لە دۆخێكی باشتر دەبوو. هەروەها جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق كردەوە. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كێشە سیاسییەكانی عێراق ئەوەی دووپات كردەوە كە نابێ ناكۆكیی سیاسیی ببیتە هۆی دورستبوونی رق و كینەی نێوان نەتەوەكان، بەڵكو پێویستە ئەو ئاشتی و تەباییەی نێوان پێكهاتەی گەلانی عێراقدا هەیە، بەهێزتر بكرێت.
لە كۆتایی دیدارەكەدا لەبارەی چارەنووسی رووفاتی ئەنفالكراوەكانی كوردستان سەرۆك بارزانی بەپێویستی زانی هەوڵی جیدی بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان بۆ نیشتمانی خۆیان بدرێ.