ڤاڵڤێردی: ئێمە میسی مان هەیە لە هیچ یانەیەك ناترسین

ڕاهێنەری بارسێلۆنا ئیرنستۆ ڤاڵڤێردی باس لە سەختی یاریەكەیان بەرامبەر لیۆن و تیروپشكەكە دەكات.
بارسێلۆنا توانی بە ئەنجامی 5-1 یاریەكە بباتەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە میسی توانی دوو گۆڵ تۆمار بكات و دوو گۆڵیش درووست بكات.
ڤاڵڤێردی دوای یاریەكە ووتی: هەستێكی خۆشم هەیە، یاریەكە بە چەند قۆناغێكدا ڕۆشت، دوای گۆڵەكەی لیۆن یاریەكە سەخت بوو بەڵام توانیمان ئەنجامەكە بۆ خۆمان یەكلا بكەینەوە.
سەبارەت بە میسی ووتی: بەڵێ یاریەكی نایابی كرد و هەمووان ئەوەیان بینی، ئێمە بە چانسین كە لەگەڵ ئێمەیە، چاوەڕوانی تیروپشكەكە دەكەین و بەردەوام دەبین لە كار كردن و لە هیچ یانەیەك ناترسین چونكە میسی مان هەیە.
سەبارەت بەو یانەیەی كە پێی خۆشە ڕووبەڕوویان ببێتەوە: هیچ ناڵێم، هەموو یانەكان بەهێزن.