ڤیان سه‌بری: پێویستە یاساكه‌ ھەموار بكرێتەوە.. له‌ چەند پارێزگایەك دۆخەكە باش نییە

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ھەموار دەكاتەوە، بەڵام پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بە ھەماھەنگی لەگەڵ كۆمسیۆن وادەی ھەڵبژاردنەكە دیاری بكات، چونكە تا ئێستا بارودۆخی ھەندێك پارێزگا ئاسایی نییە.

حكوومەتی عێراق وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی دیاری كردووە، كە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و كۆمسیۆنیش باس لەوە دەكات، حكوومەتی عێراق ٢٦٢ملیار دیناری بۆ ئەو ھەڵبژاردنە دیاری كردووە، بەڵام پێویستییان بەوە ھەیە كە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بكاتەوە.

لەو بارەیەوە، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “پێویستە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ھەموار بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی دەستەڵاتەكانیان زۆرن و ئەمەش زۆر جار كاریگەری ھەبووە، بۆیە دەبێ ھەموار بكرێتەوە، بەڵام لە كارنامەی كۆبوونەوەكانی ئەم ھەفتەیەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا نییە”.

سەبری گوتیشی: “مەبەدەئییەن وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كراوە، بەڵام پێویستە حكوومەت و كۆمسیۆن پێكەوە كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بزانن بارودۆخی عێراق گونجاوە بۆ ئەوەی ئەو ھەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، چونكە تا ئێستا لە مووسڵ و كەركووك و سەڵاحەددین و چەند پارێزگایەكی دیكە دۆخەكە باش نییە ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە”.

دەشڵێ: “دیاریكردنی وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە دەستەڵاتی سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراقە و ئەوانیش بەپێی بارودۆخەكە وادەكە دیاری دەكەن”.

 

Back to top button