گوتەبێژی پارتی: چیتر چاوەڕێ ناكەین، سەرۆكایەتی ھەرێم كارادەكەینەوە
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە و دواتر لەگەڵ لایەنەكان لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمدا یاساكە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت. دەشڵێ، هەوڵ دەدەن كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەن و رووی ئەوە دەربكەوێت، كە كابینەی نوێ زووتر پێك بێت.
مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەو زنجیرە كۆبوونەوانەی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كرد، كە ویستی بەشدارییان لە كابینەی نوێدا هەیە، هاوكات كۆبوونەوەیشیان لەگەڵ ئەو لایەنانەیش كە بەشدار نابن لە كابینەی نۆیەمدا، مەبەستی ئەو كۆبوونەوانەشی روون كردەوە، كە هەموو لایەك هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن بەرانبەر بە پێشهات و ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی، كە خەڵكی كوردستان دەنگی بۆ داوە و چاوەڕێن لە ئایندەدا، تەكانێك بە كۆمەڵێك پرسی گرینگ بدرێت، وەك چاككردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو تەحەدیاتانەی روو دەدەن، یا بۆی هەیە بێنە پێش.
گوتەبێژی فەرمیی پارتی جەختی لەو هەوڵ و كۆششانەی خۆیان كردەوە، كە لەگەڵ یەكێتی داویانە، كە هەرچی زووترە خەڵك ئەنجامی سەركەوتن و دەنگدانەكانیان بكەینە واقیع و كاری پێ بكەین، ئەوەیشی بە پێكهێنانی كابینەی نوێ و دام و دەزگاكانی دیكە و كاراكردنی پەرلەمان تا یاسا دەربچێت و چاودێریی كار و پڕۆژەكانی حكوومەت بكات، وەكخۆی باسی كرد، پێشتر رێككەوتنیان كردووە، تا لە رۆژی هەژدەی مانگ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستنیشان بكرێت، بەڵام دیار بوو ئەوكات یەكێتی نەگەیشتنە قەناعەت و بەشدار نەبوون، گوتیشی: “ناكرێت ئێمە هەر چاوەڕێ بین، دەبێت ئەم پرۆسەیە بە شێوازێك، كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا دیاری كراوە، بەڕێوە بچێت”.
كۆبووەنەوەكەی پارتی و یەكێتی راشكاوانە بووە
مەحموود محەمەد، لە لێدوانە تایبەتەكەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، ئاشكرای كرد، ئەوەی لە ئێستادا لە بەردەمیاندایە، كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم و ناوهێنان و تەكلیفكردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەمە، تا كابینەكەی پێك بهێنێت، گوتیشی: “كۆبوونەوەمان كردووە و بە راشكاوانە قسەمان كردووە، ئەوان پێویستییان بەوە بوو، كە بڕۆنەوە و كۆبوونەوە بكەن و لە ناوخۆی خۆیاندا لەسەر ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی ئێمە و ئەوان هەمان بووە، هاوكات ئەو رێككەوتنەی ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كردوومانە، هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن، دواتر ئاگادارمان بكەنەوە، كە لە زووترین كاتدا پێكەوە كۆبوونەوەی دیكە بكەین”.
جەختیشی كردەوە، كە هەوڵ دەدەن كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەن و رووی ئەوە دەربكەوێت، كە كابینەی نوێ زووتر پێك بێت.
رێككەوتن لەسەر كەركووك
سەبارەت بە چۆنیەتیی رێككەوتنیان لەسەر بارودۆخی كەركووك لەگەڵ یەكێتی، مەحموود محەمەد تیشكی خستە سەر ئەوەی، كە ئەو پرسە خراوەتە ژێر دەستی جەنابی سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، بە بابەتی بەغداشەوە، ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوانیش چەند كەسێكیان بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردووە، كە كاری لەسەر بكەن.
ناوبراو ئاشكرایشی كرد، وەكو پارتی كار بۆ ئەوە دەكەن هەرچی زووترە كابینەی نوێ پێك بهێندرێت، بۆ ئەو مەبەستەیشە كە حكوومەتێكی بەهێز بە پشتیوانیی هەموو لایەنەكانەوە بتوانین لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ لەسەر ئاساییكردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكرێت، هەر بۆیەشە ئەوان وەكو پارتی پێیان باشە هەوڵ بدەن لە چەند هەفتەی دابێتدا هەموو بابەتەكان چارە بكەن.
یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم
مەحموود محەمەد راشیگەیاند، كە سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون و دیدگاكانی پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەنە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی چی دەبن.