بەپێی نووسراوێک کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی لەسەرە،تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی پارێزگای هەڵەبجەوە تۆماردەکرێت

ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، دوا ڕەزامەندی ھەردوو حکومەتی ھەرێم و بەغدا بۆ پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان بە ناوی (عێراق-ھەڵەبجە) وەرگیرا.

بەپێی نووسراوێک کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و دوێنێ چوارشەممە (13-3-2019) واژۆکراوە بڕیاردراوە بە رێکخستنی تابلۆی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێر بەناوی پارێزگای هەڵەبجە هاوشێوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

ئەو بڕیارەش دوای رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دێت بۆ پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی (عێراق – ھەڵەبجە).

د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە لە دوای پشووەکانی نەورۆز بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی ھەڵەبجە دەست بە رێکارەکانی تۆمارکردن دەکەن.

 

Back to top button