كۆتای ئەو مانگە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نێو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت

 

دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد لە ئێستادا لێژنەی یاسایی ئامادەكاریەكانیان كردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان, پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت:” كۆتای ئەو مانگە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت”.

زانا مەلا خالید، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت: “هەوڵ دەدەین بەر لە كۆتاییهاتنی مانگی 3 پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بە كاراكردنەوەی دامەزراوەكەی و هەمواركردنەوەی یاساكەی یەكلایی بكەینەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرین، بۆ ئەوەی لە هەنگاوی داوتر ئەو كاندیدەی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەستنیشان دەكرێت، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپێردرێت و بەر لە كۆتاییهاتنی مانگی 4 سەرجەمی ئەو پرسانە یەكلایی بكرێنەوە”.

هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی سەرەكی پێكهێنانی حكوومەتە. لە هەفتەی داهاتوو هەوڵەكان بۆ ئەم مەبەستە لە پەرلەمانەوە چڕ دەكرێنەوە و یەكەم كاری پەرلەمانیش هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەبێت, لە نێو لایەنەكانیش نزیكبوونەوە لە سەر هەمواری ئەو یاسایە هەیە.

Back to top button