مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەستپێدەكاتەوە
دوای ئەوەی بە هۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو رووبەرووی هەرێمی كوردستان بوویەوە, موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی چەند هاونیشتیمانیەك وەستێنرا, بەرپرسی تۆڕی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رێنماییەكی نوێ لەسەر مووچەی چاودێری خێزان دەردەكرێت و دوای چاكسازیكردن تێیدا، دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە.
محەممەد گەزنەیی، بەرپرسی تۆڕی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە مانگی هەشتی 2015ەوە مووچەی چاودێری خێزان بڕدراوە، بەڵام وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رێنمایی نوێ دەردەكات بۆ چاكسازی لە لیستەكەدا و دوای چاكسازیكردن تێیدا، دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە.
محەممەد گەزنەیی گوتی: “21 هەزار و 750 كەس مووچەی تایبەتیان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی هۆكاری پێدانی مووچەكانیان دیاربێت، لەبەر ئەوەی وەكو چۆن دەست بە چاكسازیكردن لە لیستی مووچەی كەمئەنداماندا كرا، چاكسازی لە لیستی مووچەخۆرانی دیكەشدا دەكرێ”.