نێچیرڤان بارزانی: دروستبوونی چەند باڵێك لەناو یەکێتی گرفتی بۆ دانوستانەكانی پارتی و یەكێتی دروستكردووە.
لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی رێککەوتنێکیان لە بارەی پێکهێنانی حکومەت و کێشەکانی بەغداو کەرکووک بۆ ماوەی چوارساڵ واژۆکرد، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە یەکێتی پێی وایە پارتی پۆستی زۆری بە گۆڕانداوە و بەم نزبکانە حکوومەت پێکدەهێندرێت.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە، دۆخی ناو یەكێتی ئاڵۆزبووە و دروستبوونی چەند باڵێك لەناو ئەو حزبەدا گرفتی بۆ دانوستانەكانی پارتی و یەكێتی دروستكردووە.
جێگری سەرۆكی پارتی باسی لەوەشدەكات، لەگەڵ یەكێتی لەسەر چوارچێوەی كاری پێكەوەیی رێككەوتوون.
ڕوونیشیكردووە، لە ئێستادا شەڕەكە لەناو یەكێتیدایە سەبارەت بەوەی كێ چ پۆستێك وەردەگرێت.
راشیگەیاند:یەكێتی پێی وایە پارتی پۆستی زۆری بە گۆڕان داوە و یەكێتی شایەنی زیاترە، بەڵام بە دڵنیاییەوە، یەكێتی وەكو هاوپەیمانێك دەمێنێتەوە و بەم نزیكانەش حكومەت پێكدەهێنین.
لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پەیوەندیەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ رایگەیاند: پەیوەندییەكانی ئێستامان لەگەڵ بەغدا زۆر باشترە لەوەی جاران.
گوتیشی لە پاش ریفراندۆم ماوەیەكی سەختمان تێپەڕاند، رەنگە یەكێك لە سەختترین ئەو ماوانە بووبێ كە لە ساڵی 1991ەوە پێیدا رۆیشتووین.