لە بەغدا بەڵێنێك بە ٩ زانکۆی هەرێمی کوردستان درا

په‌ڕله‌مانتارێكى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ لیژنه‌ى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكراى ده‌كات، میوانداریى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى عێراقیان كردووه‌ و به‌ڵێنى ددانپێدانان به‌ 9 زانكۆى هه‌رێمى كوردستان و پشكى قوتابیانى كورد له‌ زه‌ماڵه‌ى خوێندن له‌ ده‌ره‌وه و، چه‌ند پرسێكى ترى داوه‌‌ .

د. محه‌مه‌د شاكر، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووه‌: له‌ لیژنه‌كه‌مان میوانداریى قوسه‌ى سوهەیل، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى عێراقمان كرد و بابه‌تى سه‌ره‌كى كه‌ ویستمان قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین پرسى ددانپێدانان بوو به‌ 9 زانكۆ له‌ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستاندا كه‌ ئیعترافیان پێ نه‌كراوه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقەوە، له‌وانه‌ هه‌رسێ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى، له‌گه‌ڵ زانكۆى سۆران و زاخۆ و ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان و جه‌رمۆ و هه‌ڵه‌بجه‌ و بۆردى  پزیشكى كوردستانى و، ئه‌و قوتابیانه‌ى كه‌ بڕوانامه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ عێراق ددانییان پێدا نه‌نراوه‌ و ناتوانن درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن، ئه‌مانه‌ش كێشه‌یه‌كن و ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراون،‌ ئه‌مڕۆش دواى گفتوگۆ دكتۆر قوسه‌ى سوهێل باوەڕی بۆ دروست بوو و گوتى: باوەڕی ته‌واوم هه‌یه‌ و ده‌بێ ددان به‌و زانكۆیانه‌ى هه‌رێمدا  بنێین ‌و پرسى قوتابیانیش چاره‌سه‌ر بكرێت.”

د. محه‌مه‌د زیاتر ڕوونى كردۆته‌وه‌: “به‌پێى ده‌ستوور هه‌ر زانكۆیه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان ددانی پێدا نرابێت، ده‌بێ ڕاسته‌وخۆ له‌ به‌غداش ددانى پێدا بنێن، چونكه‌ هه‌رێمێكى شه‌رعیه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ دروسته، خالێكى تریش زه‌ماڵه‌ى خوێندن بوو، گوتى 17 له‌سه‌دى به‌شى هه‌رێمى كوردستانیش دیارى ده‌كه‌ین بۆ قوتابیانى هه‌رێم، هه‌روه‌ها لە گرێدراوه‌كانى ڕۆشنبیریش له‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراق ده‌كەن نوێنه‌رى كوردمان نییه‌ و به‌ڵێنى داوه‌ پشكى كورد له‌وێش دیارى بكات، له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدانیش وه‌كو عه‌ره‌ب بۆ كوردیش بڕیاره‌ كورسیى خوێندنیان بۆ دیارى بكرێت، ئه‌مانه‌ش ده‌ستكه‌وتى باشن بۆ كورد‌ و ئێمه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ین.”

ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ى فراكسیۆنى پارتى گوتوویه‌تی: “وه‌زیرى خوێندنى باڵا گوتى به‌زووترین كات لیژنه‌یه‌ك پێك دێنین و سه‌ردانى ئه‌و زانكۆیانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین و ده‌یكه‌ین به‌ نووسراوى فه‌رمى و بۆ ئه‌م كاره‌ش ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگ ده‌بین و چاودێریى بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ین تا جێبه‌جێ ده‌كرێت.”

 

Back to top button