پەیامى ئهنجومهنى وهزیران له ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجهدا
لە پەیامێكدا بەبۆنەی 31 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر كیمیابارانكردنی ھەڵەبجەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، چاوەڕێن حكوومەتی عێراق ئەركی ئەخلاقیی و یاسایی بەرامبەر بە ھەڵەبجە جێبەجێ بكات.
دهقی پهیامی ئهنجومهنى وهزیران:
ئەمڕۆ سی و یەک ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لەسەر دەستی ڕژیمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە وێڕای شههیدبوونى پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان، هەزارانی دیکەش بریندار بوون و تا ئێستاش زۆربەیان بەدەست لێکەوته و کاریگەرییە خراپە تەندروستی و دەروونییەکانی ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن. ئەمە وێڕای ئاوارەبوونی هەزاران خێزان و وێرانکردن و تێکدانی ژینگەی ئەو دەڤەرە دڵگیرەی کوردستان.
یادکردنەوەی ئەم کارەساتە جگە لەوەی ڕێزگرتنە لە قوربانیانی گەلەکەمان و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و قوربانیدانمان، جەختکردنهوهی حکوومەتی هەرێمى كوردستانیشە لە بایەخدانی جددی بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی چەکی کیمیایی و خزمەتکردنی زیاترى هەڵەبجەی ئازیز کە بێگومان کاری زۆر ماوە بۆیان بکرێت و حکوومەت بە پەرۆشەوە خزمەتی زیاتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتوانە سەربەرزەکەی بە ئەرکی گرنگ و سەرەکیی خۆی دەزانێت.
چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی عێراقیش بەجێگەیاندنی ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیەتی دەرهەق بەم پارێزگایە و دانیشتوانەکانی لە هەموو جۆرە بایەخپێدانێک لهگهڵ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵکەکه و ژینگەکەی، وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق.
وەک چۆن هەڵەبجەی شەهید سیمبولی ئازار و قوربانیی گەلەکەمانه، بە هەمان شێوەش سیمبولی خۆڕاگری و زیندووییمانە. قوربانیان و ئەو ئازیزانەمان کە لەم کارەساتە ناخهەژێنەدا لەدەستمان داون، هەمیشە لە یادمانن و تاههتایه لە ویژدانی ئەم گەلەدا یادیان زیندووە.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاک و بێتاوانی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەی ئازیز و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان
16/3/2019