یەكێتی بە ٢١ كورسیەوە ففتی بە ففتی دەوێت

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە لێدوانێک حزبەکەی تووشی شەرمەزاری دەکات و سیاسەتمەدارێکیش ڕای دەگەیەنێت کە ئەو لێدوانە خزمەتی دانوستانەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی ناکات.

ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئاداری ٢٠١٩، لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە لایەکەوە بانگەشەی ئەوەی کرد کە حزبەکەی قەبووڵی ناکات فیفتی بە فیفتی بگەڕێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە باسی لەوە کرد کە ئەوان پێداگری لە چەندان خاڵدا دەکەن کە سەرجەم خاڵەکانیش خۆی لە بەشداری پێکردنی یەکێتی بە ٢١ کورسیی پەرلەمانەوە لە سەرجەم پۆستەکانی کوردستاندا دەبینێتەوە.

لەمبارەیەشەوە د. دیندار دۆسکی، سیاسەتمەدار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: “پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەگەر من نەیەمەوە حکوومەتەوە کارەسات روودەدات، دەرخەری ئەوەیە کە دەنگدان لە کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی بەرەو بێ بەھاکردن دەڕوات“.

جەختیشی کردەوە: ”پێداگریی یەکێتی لەسەر فیفتی بە فیفتی وا دەگەیەنێت کە لە کوردستاندا ھیچ باوەڕێک بە دیموکراسی و ڕێزی دەنگ و جیاوازی نەگیرێت، دڵنیام خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەوەن کە رێز لە دەنگی خەڵک بگیرێت، چونکە ئەگەر بەم نەفەسەی ئێستا بڕوات، دیموکراتی تامی نامێنێت”.

دیندار دۆسکی باسی لە لێدوانەکەی لەتیف شێخ عومەر کرد و نەیشاردەوە: ”زمانی هەڕەشە و خۆ بە گەورەزانین و مل نەدان بۆ گفتوگۆ، مەترسیدارترین شتە، دەبووایە یەکێتی رێگای نەدایە بە لێدوانێک یان قسەیەک، کاریگەری لەسەر رەوشی گفتوگۆ بکات، بۆیە گرنگ بوو لەتیفی شێخ عومەر دان بەخۆیدا بگرێت تا بەشێوەیەکی فەرمی ھەردوو حزب ڕێک بکەون، بۆیە ئەو لێدوانە خزمەتی دانوستاندن ناکات”.

Back to top button