حکوومەتێکی بێ یەکێتی

قائید میرۆ مزووری

دوای ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستان، گرانترین ئەرکی بەردەم یەکێتی چوونیەتی خۆ ساخکردنەوەبوو، بەرامبەر ئەو پۆستانەی لەنێو کابینەکەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا پێیان دەدرێت، چونکە بەپێی کۆرسی یەکێتی سەنگ و پێگەی ھەیە وەک ھێزی دووەمی ھەرێمی کوردستان، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەو دووەمە بەجیاوازیەکی زۆر پارتی بە ٤٥ کۆرسی و ھاوپەیمانیەتی لەگەل ھەر ھێزێکی دیکە ئەنجامبدات دەتوانێ ھەموو بڕیار و یاسایەک لەپەرلەمان تێپەڕێنێت، لەبەر ئەوەی پارتی ئەمجارە چاڵاكتر یاریەکەی کردووه‌ و ئەزموونی لە ھەندێ ھەڵەی رابردوو وەرگرت، بۆ نموونە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسێ کەس پێک دێت، ئەگەر یەکێتیش سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، ئەوە جێگرێک ھەر پارتیە و جێگرێکی دیکەش ھاوسۆزی پارتیه‌، لەوەدا وەک جاری پێشوو گۆڕان و کۆمەڵ لەدەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرامبەر بەپارتی وەستانەوە ئەوە کۆتایی دێت و به‌ دوو دەنگ دەتوانن ھەموو شتێک بکەن.

لەرێکەوتنی ٤ی ئادار و سەرەتای مانگی شوباتیش پارتی و یەکێتی لەسەر ھێلە گشتیەکان رێکەوتون، وەلێ بابەته‌كه‌ ھەر ھێلە گشتیەکان نیە، دووخالی سەرەکی ھەن و ھەردووکیش بونەتە گرێ کوێرەی بەردەوام کابینەی نوێ، ئەویش پرسی کەرکووک و کاندیدانی یەکێتی، لەپرسی کەرکووکدا پارتی بەتایبەت سەرۆک بارزانی توانی قەناعەت بە یەکێتی بێنێ، کە بابەتی ھەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک ئەوەندە ئاسانیە وەک یەکێتی دەڵێ بە کۆبونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگا ھەموو شتێک دەبڕێت، بەلکۆ پێویستە ھەرێمی کوردستان لەگەل بەغدا بگاتە رێکەوتن و رەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە ئەویش کاتی دەوێت.

ئەوەی ئێستا گرێ کوێرەی بەردەم کابینەکە ماوەتەوە یەکێتی و پۆستەکانیەتی، نێچیرڤان بارزانی لە دوا دیداری رۆژنامەوانی دا بەڕۆنی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای کۆچی دوایی مام جەلال یەکێتی سێ بالە و پارتی ناچارە لەگەل ھەرسێکیان بسازێ، کێشەی نێوخۆی یەکێتی حزبەکەی پەکخستووە و خەریکە پڕۆسەی پێک ھێنانی حکوومەتیش پەکبخات، لەدواین کۆبونەوەدا پارتی گەیشتووتە ئەو باوەرەی ئەگەر ھەر چاوەڕێی یەکێتی بکەن ئەوە بۆ ھاوینی داھاتووش نە حکوومەت پێک دێت و نە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم دەردەکرێت، زۆرترین ئاماژە بۆ ئەوەن تا نەورۆز چاوەڕێی خۆ ساخکردنەوەی یەکێتی بکەن و دواتر یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم پەسەندبکرێت و سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەمان ھەڵبژێرن تا کاندیدی پارتی بۆ پێک ھێنانی حکوومەت رابسپێرن کابینەکەی پێک بێنێ، واتە پشوو درێژی پارتی نزیکە لە کۆتایی بە بەێ یەکێتی شەمەندفەڕەکە دەکەوێتە رێ، لە ئەگەری بەشداری نەکردنی ئەوە پۆستەکانی وەک سەرۆکی پەرلەمان بەشێوەی کاتی دەمێنەوە تا پەڕۆ بالەکانی یەکێتی دەگەنە ئەنجامێک.

Back to top button