سبەی پێشانگای رۆژھەڵاتی ناوین لە ھەولێر دەكرێتەوە
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێ، سبەی، یەكشەممە، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، دووەم پێشانگای گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە بەشداریی ٢٥٠ كۆمپانیا لە 25 وڵاتی جیاجیاوە دەكرێتەوە.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “سبەی، یەكشەممە (17-3-2019) لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، پێشانگای گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دووەمین جار لە شاری هەولێر دەكرێتەوە و پێشانگاكە بۆ سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.”
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرایشی كرد: “زیاتر لە 250 كۆمپانیا لە 25 وڵاتی جیاجیاوە بەشداری لە پێشانگاكەدا دەكەن.”
ڕۆستی ڕوونیشی كردەوە: “ئەم پێشانگایە كاریگەریی زۆری لەسەر جووڵەی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان دەبێت. ئامانج لە كردنەوەی ئەم پێشانگایە ئاشنابوون و یەكترناسینی كۆمپانیاكان و ناساندنی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانە و، بە مەبەستی زیادكردنی ڕێژەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك یادداشت و گرێبەستی تێدا واژۆ دەکرێت.”