وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق: هاوكاری عەرەبەكان دەكات بۆ داگیركردنی زەوی هاونیشتیمانیە كوردەكان
ئەگەر چی بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران, چەند بڕیارێكی پارێزگای كەركووك دژ بە جوتیارە كوردەكان هەەلوەشێندرانەوە, بەڵام بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك دەڵێ، جارێكی دیكە بە ھاوكاریی پارێزگاری كەركووك و دادگاكان، لە سنووری ناحیەی لەیلان عەرەبەكان دەیانەوێت زەویی كوردەكان داگیر بكەن و وەزارەتی كشتوكاڵیش ھەموو جۆرە ھاوكارییەكی لە جووتیارە كوردەكان قەدەغە كردووە، بۆ ئەوەی دەستبەرداری زەوییەكانیان بن.
مەھدی موبارەك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “لە سنووری ناحیەی لەیلان جارێكی دیكە عەرەبەكان چوونەتە سەر زەویی كوردەكان و دەیانەوێت زەوییەكانیان داگیر بكەن و كوردەكانیش رێگرییان لێ كردوون و رێگە نادەن دەست بەسەر زەوییەكانیاندا بگرن، ئەمانەش ئەوانەن كە پێشتر زەویی كوردیان داگیر كردبوو و دواتر بۆ كوردەكان گەڕاونەتەوە، چونكە موڵكی كوردن، بە تایبەت لە گوندی تەرجڵ”.
موبارەك گوتیشی: “ئەو عەرەبەكانە بە پاڵپشتیی پارێزگار و دادگاكانی كەركووك و وەزارەتی كشتوكاڵ دەگەڕێنەوە بۆ سنووری كەركووك و دەیانەوێت دەست بە سەر زەویی كوردەكاندا بگرن، چونكە ھەموو ھەوڵێك بۆ تەعریبكردنی كەركووك دەدرێت”.
دەشڵێ: “بەكارھێنانی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد لە سنووری كەركووك لە پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ دەرھێندراوە و ھیچ ھاوكارییەك پێشكەشی كوردەكان نەكراوە لە پێدانی بنەتۆ و كیمیاوی و پێداویستیی كشتوكاڵی، بۆیە كوردەكان لەسەر ئەركی خۆیان ھەموو شتێكیان كردووە، كە ئەمەش دژایەتییەكی ئاشكرای كوردە لە كەركووك”.
مەھدی موبارەك باسی لەوەش كرد، كێشەی زەویوزار لە سنووری كەركووك بەسیاسی كراوە و لە ئێستادا بە ھەزاران دۆنم زەوی لە بەردەم تەعریبكردندایە، بۆیە پێویستە ئەو كێشەیە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بە زوویی چارە بكرێت.