بزوتنەوەی گۆڕان: كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتی بۆ تاوتێكردنی پێكهێنانی حكومەت و دیاری كردنی كاندید بۆ سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوە, نەیانتوانی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكەن, ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران رایگەیاند ئۆباڵی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم لە ئەستۆی یەكێتیە و یەكێتی كێشە ناوخۆیی هەیە ناتوانێ‌ت خۆی یەكلا بكاتەوە.
سابر ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران راگەیاند، جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا بۆ هەڵسەنگاندنی كاندیدانی بەربژێر بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامانی چڤات سەرنج و تێبینی خۆیان خستە روو بۆ ئەوەی باشترین كاندید لەسەر ئاستی زانستی رۆشنبیری و خزمەتگوزاری و كەسایەتی و سیاسی بەمەبەستی ئەوەی كاندیدەكانمان باشترین خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن و هەتاكو ئێستا كاندیدەكان دیاری نەكراون ئەبێت هەڵسەنگاندن بۆ باشترین كاندید بكەین
ئەو ئەندامەی جگاتی نیشتمانی كوردستان گوتیشی، بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنین، بەڵام سوپاس بۆ بەرپرسانی گۆران و گۆرانخوازان توانیمان لە كاتێكی كەم لەگەڵ پارتی رێكبكەوین و رێژەی لە 12% خۆمان لە ناو حكومەتی نوێ وەربگرین و لەو بروایە نیم پارتی دیموكراتی كوردستان لەو رێكەوتنامەیە پاشگەز بێتەوە و پارتیش خۆی دەزانێ چی بە یەكێتی دەدات لەبەرامبەردا جێگری سەرۆكی هەرێم، كە بە گۆڕانی دەدات.
ئاماژەی بەوەشدا ، بۆ یەكێتی پێی ناخۆشە بۆ ئێمە بێت یان كۆمەڵ یان هەرحزبێكی تر پۆستێك زیاتر وەربگرێت و ئێمە هیچ پێمان ناخۆش نیە هەرچی پۆست ماوە پارتی با بیدات بە یەكێتی.
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی گۆڕان جەختیشی كردەوە، ئێمە لەگەڵ گەورەترین حزبی سیاسی رێكەوتنمان كردوە و بروامان هەیە پارتی بەو پێگەیەی هەیەتی و بەو تەمەنەی هەیەتی و بەو سیاسەتەی پەیرەوی دەكات زۆر بە ئەستەم پەشیمان دەبێتەوە لەو رێكەوتنەی كردویەتی لەگەڵ گۆران چونكە دواتر متمانە بەرامبەر هەموو حزبە سیاسیەكان لە دەست دەدات.

Back to top button