پەرلەمانتارێكی پارتی: پێكهێنانی حكومەت لەسەر حزبێك راناگرین كە شەڕی پلەو پۆست دەكات
دوای ئەوەی یەكێتی لە چەندین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی نەیتوانی خۆی یەكلابكاتەوە بۆ دیاری كردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان, لە ئێستادا بۆ دواستنی پێكهێنانی حكومەت داوای پۆستی زیاتر دەكات, ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پارتی و حزبەكانی دیكە لە پێكهێنانی حكوومەت بێنە دەرەوە و بە یەكێتی بڵێن فەرموو تۆ حكوومەت پێكبهێنە بە هەشت ساڵیش ناتوانن لەنێو خۆیاندا لەسەر پۆستەكان خۆیان یەكلا بكەنەوە.
هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: “یەكێتی كە لەناو خۆیدا یەكێتی نییە پارتی لە 7/12/2018، كۆبوونەوەی لەگەڵ كردوون، ئێستا دەڵێن حكوومەتی (50بە50)مان ناوێ، بەڵام دەبێ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی حكوومەت، دارایی، دەزگا ئەمنییەكان و ئەوانی تر هاوبەشین، لەكاتێكدا كورسییەكانی یەكێتی هێندە نییە كە هاوبەشی ئەم هەموو دەسەڵاتە بێت، ئێمە چی بكەین كە خەڵكی كوردستان دەنگی بە یەكێتی نەداوە؟“.
گوتیشی: “یەكێتی وا مامەڵە دەكات كە 45 كورسی هەبێ و پارتی 21 كورسی هەبێ، پارتی بچێ داوای پۆستی لێ بكات، ماقوڵ نییە یەكێتی داوای شتی گەورەتر لە خۆی بكات“.
ڕوونیشیكردەوە، یەكێتی لەناو ماڵی خۆی كە مەكتەبی سیاسییە ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی كردووە و بەفەرمی ڕایگەیاندووە، بۆیە بڕواناكەین لێی پەشیمان ببێتەوە و ئومێدمان وایە بێن.
ڕاشیگەیاند: “وڵات لەسەر حزبێك كە لەبری شەڕی بەڕێوەبردن شەڕی پۆست بكات پەك ناخەین، لە 18ی مانگەوە كۆبوونەوەی پەرلەمانمان دواخست تەنیا لەبەر ئەوەی یەكێتی بڵێ ئەوە كاندیدەكەمانە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، كەچی لە ناوخۆیاندا ڕێكنەكەوتن”.
جەختیشیكردەوە” ئەگەر پارتی و هەموو حزبەكانیش لە بابەتەكە بێنە دەرەوە و بە یەكێتی بڵێن فەرموو ئێوە حكوومەت پێكبهێنن، جگە لەم چوار ساڵە چوار ساڵی دیكەش زیاد بكرێ، ئەوا یەكێتی لەناو خۆیاندا لەسەر پۆستەكان ڕێكناكەون”.