وەزیری دەرەوەی ئێران: رۆژئاوا لەبەردەم كارەساتی هەڵەبجە بێدەنگ بوو

 

بەبۆنی تێپەڕینی سی و یەك ساڵ بەسەر كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كە بە هۆیەوە 5000 كەس شەهید بوو, وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت “نە ئێمە و نە براكوردەكانمان هەرگیز هێرشی تۆقێنەری سەر هەڵەبجە و سەردەشت لەبیرناكەین، كە 31 ساڵ لەمەوبەر روویاندا”.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتەری خۆی نووسیوویەتی “یەكەمجار رۆژئاوا نكۆڵیان كرد هەڵەبجە كیمیاباران كرابێت، دواتر كە زانیان لەلایەن هاوپەیمانێكی خۆیان هێرشەكە ئەنجامدراوە و خۆیان چەكی كیمیاییان پێداوە، خۆیان بێدەنگ كرد”.

جەواد زەریف لە كۆتایی توویتەكەیدا دەڵێت “لەوانەیە رۆژئاوا بیەوێت هێرشە تۆقێنەرەكەی هەڵەبجە و سەردەشت لەبیربكات، بەڵام نە ئێمە و نە دۆستە كوردەكانمان لەبیری ناكەین”.

رۆژی شەممە 16-3-2019، 31 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە تێپەڕی، كە بەهۆیەوە پێنج هەزار هاونیشتمانیی شەهیدبوون و هەزارانی دیكەش برینداربوون.

Back to top button