سەرۆكی لێژنەی دارای پەرلەمانی عێراق: مووچە و بودجەی هەرێم لە بودجەی عێراق جێگیركراوە, پرسی نەوت هیچ مەترسیەك لەسەر مووچەی هەرێم دروست ناكات
دوای ئەوەی میدیاكانی یەكێتی هەواڵێكیان بڵاوكردەوە كە لە ئەگەری رادەستنەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەكات, ئەمڕۆ سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونكردنەوە لە بارەی بودجەی تەرخانكراوی هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەران روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەو داوایەی ئاڕاستەی كۆمپانیای سۆمۆو وەزارەتی دارایی عیراق كراوە، مەترسی لەسەر 522 ملیار دینارەكە بۆ مووچەخۆران نابێت.
د. ئەحمەد سەفار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند: یاسای بودجەی 2019 پەسەندكراوە و لە ئێستاشدا خراوەتەبواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت دەستكاری بكرێت.
ئەحمەد سەفار وتیشی: “ئەو مادەیەی لەیاسای بودجە ئاماژە بەئیستحاقی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات، لەسێ بڕگە پێكهاتووە، لە بڕگەی ئەلفی مادەی 10ی یاساكەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەستبكات ئەوا مانگانە بودجەی هەرێم وەك خۆی رەوانەدەكرێت، كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیلە”.
ئاماژەی بەوەشدا: “هەرچی بڕگەی با-ی یاساكەشە، تایبەتە بە مووچەی پێشمەرگە و بڕگەی جیم-یش باس لەوەدەكات ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد، ئەوا مانگانە 522 ملیار دیناری لەبەغداوە بۆ رەوانە دەكرێت تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە”.
د. ئەحمەد سەفار ئاشكراشیكرد، ئەگەر داوا لەكۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی دارایی عیراقیش كرابێت تایبەت بە ناردنی مووچە و نەوتی هەرێم روونكردنەوە بدەن، هیچ مەترسییەك لەسەر ناردنی ئەو 522 ملیار دیناری مانگانەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان نابێت و پارەكە وەك خۆی بەگوێرەی یاسای بودجە رەوانە دەكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدا كە لەچەند رۆژی رابردوودا داوا لەكۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی دارایی عیراق كراوە میكانیزم و ناردنی ئەو 522 ملیار دینارە بۆ هەرێمی كوردستان روونبكەنەوە.
رۆژی هەینی 8ی ئازاری 2019، حكومەتی هەرێمی كوردستان لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، كە ماوەی سێ ساڵ بوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە پەیڕەودەكرا.