پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە
بەرپرسێكی یەكێتی ئاشكرای دەكات، بڕیارە جارێکی تر پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ دەبنەوە.كهمێك پێش ئبستا بێگەرد تاڵەبانی سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا یەكێتی و پارتی كۆ دەبنەوە، ئەوكاتیش بەرچاوڕونیمان دەبێت لەسەر ئەو پۆستانەی كە پشكی یەكێتیی دەبێت لە كابینەی حكوومەتدا.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتیی گوتی، هەرچی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە پێمان باشە بۆچوونی هەموو لایەنەكانی لەسەر بێت و پێشتر یەكێتیش پڕۆژەیاسای بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەبووە، لەم خولەشدا پێمان باشە بۆچوونی تەواوی لایەنەكانی لەسەر بێت.
زیاتر روونی دەکاتەوە، تائێستە یەكێتی بەفەرمی ڕای نەگەیاندووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرێت و قسە لەسەر هیچ پۆستێكیش نەكراوە، هەروەها ئەمڕۆ دەچینە دانوستان لەسەر سەرۆك و بڕیاردەری لیژنەكانی پەرلەمان و چاومان لە سەرۆكی لیژنەی دارایی و پێشمەرگە و شارەوانییە لەم خولەدا وەریبگرین.
یەکیتی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان تا ئێستە یەکلایی نەبووەتەوە و دۆینێ هەردوو کاندیدەکانی ئەو پۆستە، بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی بەشدار بوون، بەڵام گوتەبێژی یەکێتی رای گەیاند، ئەو بەشدارییەیان بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدبوونیان نەبوو، بەڵکو نیاز لێی وەرگرتنی رای هەردوو کاندیدەکە بووە.