نێچیرڤان بارزانی: پێشخستنى كهرتى گهشتيارى يهكێك له ئهولهويهتهكانى داهاتووى حكومهت دهبێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە پێویستە هەموو لایەک کار بۆ هەمەجۆرکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-3-2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە پێشانگای گەشتوگوزاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2019 لە هەولێر، رایگەیاند، کۆمەڵگەی میواندۆست و مرۆڤپەروەری کوردستان ھەمیشە حەزی لە خۆشی و ژیان و ئارامییە.
نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی هەرێمی کوردستان چەندین ناوچەی گەشتیاریی جوان و سەرنجڕاکێشی تێدایە، رایگەیاند، پێویستە چیتر تەنیا پشت بە داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکان نەبەستێت، بەڵکو داهاتەکانی هەمەجۆر بکات و برەو بە گەشتیاری بدرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەی کوردستانی بە لەبار بۆ گەشتیاری دانا و رایگەیاند، کۆمەڵگەی میواندۆست و مرۆڤپەروەری کوردستان ھەمیشە حەزی لە خۆشی و ژیان و ئارامییە و ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ بیر و فەلسەفەی گەشتیاران نییە.
نێچیرڤان بارزانی قەیرانی دارایی، شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و نەناردنی بەشەبودجەی کوردستان لەلایەن عێراقەوە بە هۆکارێک بۆ زیاتر فراوان نەکردنی ژێرخانی گەشتیاریی کوردستان دادەنێت و رایگەیاند، ئەگەر دۆخی سەختی چەند ساڵی ڕابردوو نەبووایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی تەواوی بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری جێبەجێ دەکرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە حکوومەت لە چوارچێوەی چاکسازیدا، کار بۆ نەهێشتنی رۆتین دەکات، کە بە یەکێک لە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی وەبەرهێنەران لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دانا.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێ بەپێی دەستوور و هەنگاو بە هەنگاو، کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق چارەسەر بکات.