“كۆمسیۆن لیژنەیەكی بۆ پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران راسپاردووە”
بڕیار بوو دوای پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان قۆناغی دووەمی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەنجام بدات، وەك سەرۆكی كۆمسیۆنیش دەڵێ، لیژنەیەك راسپێردراوە و لە ماوەی مانگێكدا دەست بە پێداچوونەوەی تۆماری دەنگدەران دەكرێت.
هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: “پلانێك دانراوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەكی نوێ بە تۆماری دەنگدەراندا بكرێت، كۆمسیۆنی باڵا لیژنەیەكی راسپاردوە بۆ ئەوەی پێشنیازەكان ئامادە بكات و دواتر ئەنجوومەنی كۆمسیاران ئاگادار بكاتەوە و كاری لەسەر بكرێت”.
كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سوودی لە تۆماری دەنگدەرانی كۆمسیۆنی بەغدا وەرگرت، بەڵام بێ گلەیی نەبوو، لەبەر ئەوەش كار بۆ دروستكردنی تۆمارێكی سەربەخۆی كوردستان دەكرێت. سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “ئێمە چاوەڕێی لیژنەی ھونەری دەكەین تا ئەنجامەكەمان پێ بدات، ھەر كاتێك گەیشتنە كۆتایی، دەست بە جێبەجێكردنی دەكەین”.
پەیوەست بە گلەیی لایەنەكان لەسەر ئەو تۆمارەی لە ھەڵبژاردن كاری پێكراوە، هەندرێن محەمەد گوتی: “لایەنە سیاسییەكان با رووی گلەیی خۆیان ئاڕاستەی بەغدا بكەن، كە ئێمە و ئەوانیش بۆ ھەڵبژاردنی رابردوو پشتمان بە فۆڕمی خوراك بەستبوو، ئێمە خۆمان تۆماری دەنگدەرانمان لە گیرفانی خۆمان دەرنەھێناوە و لە حكوومەتی فیدڕاڵ وەرمانگرتووە”.
محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “لیژنەكەی ئێمە بڕیارە لە ماوەی مانگێكدا وەڵاممان بداتەوە و دەست بە كاری خۆمان دەكەین بۆ نەھێشتنی گلەیی لەسەر تۆماری دەنگدەران”.