یەكخستنی لیواكانی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێكی تر.. یەكەی ۷۰ و ۸۰ دەگرێتەوە

دوای رووداوەكانی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر، جارێكی تر هەوڵەكان بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەست پێ دەكەنەوە، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەیش لەگەڵ سوپای هاوپەیمانان تاوتوێی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی یەكەی ۷۰ و ۸۰ی پێشمەرگە دەكەن.

ئەمڕۆ یەك شەممە، بە سەرپەرشتی سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەت و ئامادەبوونی فەریق جمال محەمەد سەرۆكی ئەركان و ژمارەیەك لە ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامانی بۆردی چاكسازی، لەگەڵ شاندێكی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرپەرشتی كۆلۆنێڵ تان دیر جێگری فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێكی یاوەری، كۆبوونەوەی چاكسازی بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پڕۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە كراوە و باس لە چۆنییەتی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بەتایبەت هێزەكانی یەكەی ۷۰ی سەر بە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و یەكەی ۸۰ی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە، تا لە رووی كارگێری، دارایی، مەشق، ڕاهێنان و خانەنشینی، یەكبخرێن و بێنە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

پێوەند بە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە كە نزیك سێ ساڵ پێش ئێستە دەستی پێ كردووە و تا پێش رووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتری، ۱٤ لیوای هاوبەش لە وەزارەت هەبوون، هاوكات دوو لیواش لەلایەن هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرێنرا بە تەواوی كەلوپەلی لۆجستی و مووچە، بەڵام رووداوەكانی ۱٤ ئۆكتۆبەر كاریگەری لەسەر یەكخستنەوەی ۱٤ لیوایەكەش دروست كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە روونكردنەوە و دواین زانیارییان لەسەر هەنگاوەكانی ئەنجامدانی چاكسازی بە هاوپەیمانان دا، بەگوێرەی بەیاننامەكەش بێت، هاوپەیمانان پشتگیری وپشتوانی خۆیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هەموو هێزەكان خستەڕوو.

Back to top button