عادل عەبدولمەهدی: بەرپرسیارەتی شكستی حكوومەتەكەی دەخاتە ئەستۆی هێزە سیاسییەكان
عەبدولمەهدی بەرپرسیارەتی شكستی حكوومەتەكەی دەخاتە ئەستۆی هێزە سیاسییەكان
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی ئیسڵاح كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكات، دووپاتی كردەوە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەر شكستێكی حكوومەتەكەی دەخاتە ئەستۆی هێزە سیاسییەكان ئەگەر لە دانیشتنی شەمووی پەرلەمان چوار وەزیری حكوومەتەكەی تێپەڕ نەكرێت.
عەلی بدێری، ئەمڕۆ یەك شەممە گوتی هەموو هێزە سیاسییەكان لەسەر ناوی كاندیدانی هەرچوار وەزارەتی داد و پەروەردە و ناوخۆ و بەرگری رێككەوتوون بەمەبەستی كۆتاهێنان بە تەنگژەی پەكخستنی پڕۆگرامی حكوومەت و روونی كردەوە، دانیشتنی شەمووی داهاتوو دەنگدان لەسەر كاندیدانی هەر چوار وەزارەت یەكلا دەكاتەوە بێ گەڕانەوە بۆ ناكۆكییەكانیان.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بەرپرسیارەتی هەر شكستێكی حكوومەتەكەی لە داهاتوو خستووەتە ئەستۆی هێزە سیاسییەكان ئەگەر وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەكەی تێپەڕ نەكرێن، ئاماژەی كرد كە ئێستە هەموو هێزە سیاسییەكان هەوڵی سەرخستنی كۆبوونەوەی شەمووی داهاتووی پەرلەمانی عێراقن بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەت.
هەفتەی رابردوو فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری بینا دووپاتی كردەوە كە هێزە سیاسییەكان ناوی سێ كاندیدیان بۆ هەر وەزارەتێكی بەتاڵی حكوومەت داوەتە عادل عەبدولمەهدی بۆ دیاریكردنی گونجاوترینیان، بۆیە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەت تەرخان دەكرێت.