قایمقامی شنگال وردەكاریی شەڕی نێوان سوپای عێراق و پەكەكە ئاشكرا دەكات
قایمقامی شارۆچكەی شنگال، وردەكاریی شەڕی نێوان سوپای عێراق و پەكەكە لە سنوورەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێ، پەكەكە رۆژانە لە سنووری نێوان سووریا و عێراق هاتوچۆ دەكەن و، تاوەكو حەشدی شەعبی و پەكەكەش لە شنگال بن، هەرگیز ڕەوشەكە جێگیر نابێت.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، شەڕێكی قورس لە نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی پەكەكە لە شارۆچكەی شنگال ڕووی دا و كوژراو برینداری لێ كەوتەوە.
مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچكەی شنگال، لەبارەی شەڕەكەوە، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه: پاش ئەوەی گرووپێكی چەكداری پەكەكە لە سنووری سووریا هەوڵیان دا بێنە ناو خاكی عێراقەوە، سوپای عێراقی لەوێ بە ئەركی دەستووری و یاسایی خۆیان هەستان كە سنوور بپارێزرێت و زێدەڕۆیی نەكرێت، چەكدارانی پەكەكەش تەقەیان لێان كرد و سوپای عێراقیش وەڵامی دانەوە و بەرگرییان لە خۆیان كرد، كە ماوەی سەعاتێك زیاتر شەڕ بەردەوام بوو، هەواڵگریی پەكەكەش لە چیا بە هاواریانەوە هات و لە زاڵگەی تربكاش لە نزیك ناوچەی سنوونێ، شەڕ دروست بوو و لە ئەنجامدا دوو سەربازی عێراق كوژران كە لە لیوای 72ی فیرقەی 15 بوون، هەروەها بەپێی زانیارییەكان دوو چەكداری پەكەكەش كوژراون و 3ی تریش بریندار بوون و ڕەوانەی قامشلۆ كراون.
خەلیل زیاتر گووتوویهتی: بڕیارە ئەمڕۆ سوپای عێراق و پەكەكە بەیەكەوە دابنیشن، ئەوەش یەكەم جارە دەبینین گرووپێكی ناعێراقی، سەربازی سوپای عێراق بكوژێت و عێراق لەگەڵیان دابنیشێت، كە ئەمەش زێدەڕۆییەكی ترە.
ڕاشیگەیاند: وەك ئیدارەی شنگال پێشتریش هۆشداریمان دابوو كە هەبوونی ئەو چەكدارانە لە بەرژەوەندیی شنگالدا نییە و سنووربەزاندن لە دەرەوەی دەستوورە، حكوومەتی عێراقیش خۆی بەرپرسیارە لەوەی مووچەی پێیان داوە و چەكی بۆیان دابین كردووە، بۆیە پێویستە دۆخەكە چارە بكرێت”.
قایمقامی شنگال ڕوونیشی كردەوە: تا پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگال بن، هەرگیز ڕەوشی سنوورەكە جێگیر نابێت و هەر بە خراپی دەمێنێتەوە.
دەشڵێ، رۆژانە لەسەر سنوورەوە پەكەكە دێنە ناو خاكی عێراق و و دەردەچن، چونكە سنوور كراوەیە.