پایتەختی نەورۆز .. پەردە لەسەر پەیكەری نەورۆز لادەدرێت
قەزای ئاكرێ لە ساڵی رابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆكەوە بە پایتەختی نەورۆز ناسێندرا و ساڵانەش لەسەر قەڵای شارۆچكەكە كەرنەڤاڵی ئاگری نەورۆز ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵیش كەرنەڤاڵەكە بە شێوەیەكی جیاوازتر بەڕێوە دەچێت و چەندین چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.
كاوە زوبێر، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و ھونەریی ئاكرێ ڕایگهیاند: كەرنەڤاڵی نەورۆزی ئەم ساڵ جیاواز دەبێت، ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە لە دەروازەی ئاكرێ پەردە لەسەر پەیكەری نەورۆز لادەدرێت، كە سێ مەتر بەرزە.
زوبێر زیاتر گوتیشی: پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢٠ی ئادار، مەڕاسیمەكانی ھەڵكردنی ئاگری نەورۆز بە ئاھەنگی ھونەری و یارییە ئاگرینەكان دەست پێدەكات، كە ھەندێكیان بۆ یەكەم جارە لە ھەرێمی كوردستان دەتەقێندرێن و چەندین چالاكیی جۆراوجۆریش ئەنجام دەدرێن”.
زوبێر دهشڵێ، چاوەڕێ دەكرێت سەرووی ٥٠ ھەزار گەشتیار سەردانی سنووری قەزاكە بكەن بۆ یادی نەورۆزی ئەمساڵ. ھاوكات چەندین میوانی بیانی و ناوخۆ و ناوەراست و باشووری عێراقیش بەشداری كەرنەڤاڵەكە دەبن.