ئێران لە رێگای بەرھەم ساڵحەوە خەریكی پیلانێكە دژی كورد

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە، هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر دەدات و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە تاران کە لەسەر پشکی یەکێتیدایە، ئاشکرای دەکات کە ئێران هەر هەلێکی بۆ بڕەخسێت، باسی ڕێککەوتننامەکە دەکات.

دوێنێ یەکشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠١٩، ماڵپەڕی (ئەلئەخباریە)ی عێراقی ئاشکرای کرد کە لە میانی سەردانەکەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا، ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە بڕیاری گرنگ لەبارەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر گیراونەتە بەر.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە لێدوانێکدا عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەو گفتوگۆیانەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەر لەمبارەیەوە نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،  ڕایگەیاند: ”ئاگام لە وردەکاریی گفتوگۆکانیان نییە کە چییان گوتووە“. بەڵام ڕوونی کردەوە کە ڕێککەوتننامەی جەزائیر دوو بەشە، بەشی یەکەمیان پەیوەندی بە کورد و کوردستانەوە هەیە و بەشی دووەمیشیان پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە.

نازم دەباغ پێیوایە کە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەی جەزائیر زۆر کێشە لە کۆڵ نەتەوەکانی ناوچەکە دەکاتەوە و دەڵێت: ”لە چوارچێوەی ئەو کێشانەی لە نێوان عێراق و ئێران ھەیە، چارەسەرکردنی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە و ھەردوولا دەبینم، ھەموو کات لە قۆناغەکانی داھاتوو نابێتە بەڵا بەسەر نەتەوەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و لایەنەکانی دیکەوە“.

بە گوتەی نازم دەباغ، ئەو خاڵانەی لە ڕێککەوتننامەی جەزائیردا دژی کورد دەرکراون، ئێستا نەماون و هەرێمی کوردستان ئێستا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە هەیە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد ”ئێران لە هەر هەلێکدا دەستی کەوتبێت“، هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیری داوە و گوتی: ”ئێران وەک ھەر وڵاتێک کە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کۆنی دەبێ، بۆ دابین کردنی بەرژوەندیی خۆی، جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بۆ دەکات تاوەکوو ئەو بەندانەی لە بەرژەوەندیی خۆیەتی، جێبەجێ بکرێ، باسکردن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی جەزائیریش کارێکە دەبێ حکوومەتی عێراق خۆی ھەم لێکدانەوە و ھەم بڕیاری لەسەر بدات“.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە تاران، ناڕاستەوخۆ لارینەبوون لەسەر نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە دەردەبڕێت و دەڵێت: ”ئێمەی کورد لە ھەرێمی کوردستاندا ئەم کێشەیەمان لەناو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی جەزائیر نەماوە“.

باسیشی لە ڕۆڵی بەرهەم ساڵح لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر کرد و جەختی کردەوە کە حکوومەتی عێراق ئەم کارە ئەنجام دەدات و لە کۆتاییشدا سەرۆک کۆمار ”کۆتا کەسە کە بڕیاری خۆی دەدات“.

ساڵی ١٩٧٥ بە ناوبژیوانیی دەوڵەتی جەزائیر، ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان عێراق و ئێران بەسترا کە بەهۆیەوە عێراق دەستبەرداری بەشێک لە سنوورە ئاوییەکانی خۆی بوو، لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی ئێران لە ئاسانکاریکردن بۆ گەیشتنی پشتیوانی و هاوکاری بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد.

Back to top button