وەزارەتی دارایی بڕیارێکی لەبارەی زیادکردنی پێشینەی مانگانەی وەزارەت و فەرمانگەکان دەرکرد

 

بەپێی گشتاندنی دارایی ژمارە (7)ی ساڵی 2019ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی بۆ (خوسكوڕك) نێردراوە و واژوی ڕێباز محەمەد حملان، وەزیری دارایی و ئابووری بەسەرەوەیە و تێیدا ئاڕاستەی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە، تایبەتە بە پێشینەی بەردەوامی مانگانەی وەزارەت و فەرمانگەکان.

لە گشتاندنەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، بەهۆی پەسەند نەکردنی بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەودا هیچ نووسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی نەکرێت بە مەبەستی زیادکردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە تاکو پەسەندکردنی بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕوونیشکراوەتەو، پێشینەی مانگانە تەنها بۆ ئەو فەرمانگانە دابین دەکرێت کە تازە دامەزراون، بە رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و یەکەی ژمێریاریشیان هەبێت.

پێشتر خالید هادی چاوشلی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی رای گەیاندبوو: “وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمایەكی زانستی و واقیعی نەسریەی نەداوە، زۆربەی لەسەر بنەمای كەسی و میزاجیی دراون، فەرمانگە هەیە 100 ملیۆن دیناری هەیە، فەرمانگەش هەیە 5 ملیۆنی نییە، بەڵام ئێمە وردبینیی خۆمان لە هەردوولا دەكەین، دەبێت وەزارەتی دارایی پێداچوونەوە بە پێدانی پێشینەكاندا بكات”.

Back to top button