سوپای عێراق ھوشداری بە پەكەكە دەدات و پەكەكەش ڕازییە
سوپای عێراق هۆشداری لە جموجۆڵی سەربازی هێزەکانی یەبەشەی سەر بە پەكەكە لە شنگال دەدات و پەكەكە بە ھەموو مەرجەكانی سوپای عێراق ڕازیە.
بەپێی زانیاری میدیا عێراقیەكان “نەجم جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەرماندەی فیرقەی 15 و چەند فەرماندەییەکی دیکەی سوپای عێراق، کە لە بەغداوە هاتوونەتە شنگال، لەسەر شەڕەکەی دوێنیی نێوان هێزەکانی یەبەشە و سوپای عێراق لەگەڵ هێزەکانی یەبەشە کۆبوونەوە”.
ھەر بەپێی زانیارییەکان “لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندە عیراقییەکان داوایان لە یەبەشە کردووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک سنووری نێوان عێراق و سووریا، کە لەژێر کۆنترۆڵی یەبەشەیەدایه بکرێتەوە و نابێت هیچ كێشه و ئاستهنگ بۆ جموجۆڵه سەربازییهكانی سوپای عێراق دروستبکەن و یەبەشە بەم داوایەی سوپای عێراق ڕازییە”.
هەروەها نهجم جبوری بە هێزەکانی یەبەشەی راگەیاندووە، لە ئەگەری پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکان، ئەوا دەبێت هێزەکانیان ئەو سنوورە چۆڵ بکەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو شەڕ لەنێوان یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) و سوپای عێراق لە سنووری شنگال روویداوە. بەپێی زانیارییەكان دوو سەربازی عێراق كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ھەردوولا برینداربوون.