ئیبراھیم تاتڵیساس: ھەموو ژیانم بە ھونەر بەخشی، کەچی لە بری پاداشت ئازاریاندام

دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر ئەو ھێرشە کە لە شاری ئیستەنبوڵ کرایە سەر ئیمپراتۆری گۆرانی تورکی (ئیبراھیم تاتڵیساس)، بۆ یەکەم جار دڵی خۆی میدیای وڵاتەکەی دەکاتەوە و دەڵێت: ھەرگیز لەو بڕوایە نەبووم، ڕۆژگار وا غەدار بێ لە گۆرانی و موزیک و جوانیدا دوورم بخاتەوە.

(تاتڵیساس) لەو لێدوانەی دا بۆ میدیاکان، نایشارێتەوە، کە ھەموو ژیانی خۆی پێشکەش بە ھونەر کردووە، ھەموو ھەوڵێکیش بۆ نوێگەریی و داھێنان بووە لە نێو گۆرانی و موزیکدا، تەنانەت تیشک دەخاتە سەر ئەو ئازارەکانی لە ئیستەنبوڵ و دەڵێت: ھیچ کات بیرم لەوە نەکردووەتەوە کە ئازاری کەس بدەم، یان کەسانێک لەسەر دەستی من تووشی ئازار و دڵشکان ببنەوە، بەڵام خەڵکی ئەو شارە ھەمیشە ھەوڵیاندا کە ئەزموونی چەند ساڵە منی ھونەرمەند بسڕنەوە، لە کاتێکدا کە من عاشق بووم بەوەی ھونەری ئەو وڵاتە باڵاتر بکەم، شەو و ڕۆژەکانم خستبووە سەر یەک بۆ دروست کردنی کەشێکی ھونەری لە ئیستەنبوڵ، بەڵام دیارە ئەوان لە خۆشەویستی و عەشقی من تێنەگەیشتن کە چەندە پەرۆش بووم، بۆ ھونەر.
لای کەسانێک تەنیا بیناکاریی و ئاوەدانی شارەوانی ئەو شارە بوون، بەڵام من پێموابوو، ھونەر زیاتر لە ھەمووان دەتوانێت خزمەت بە ئەو شارە بکات.

ڕقم لە کەس نیە
سەرەڕای ھەموو ئازارەکانی، بەڵام ئەو لە دڵی خۆی دا وشەی ڕق و کینەی ڕەش کردووەتەوە، بە ئەندازەیەک کە ھەموو ئەوانەی کە ئازاریان داوە، گەردەنیان ئازا دەکات، دەشڵێت: خۆزگە ئەو ساتانەی کە لە نێو نەخۆشخانە بووم، خودا ڕوحی لێسەندبامەوە نەوەک بەو ڕۆژە سەختە گەیشتبام!.

کە لە ھونەر دابڕام چی لە ڤێلا و ھوتێلی جوان بکەم
ئەمە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەو بوو، کاتێک کە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەیگوت: ئێستا خاوەنی باڵەخانە و ھوتێلی جوان و ڤێلای گەورەم، بەڵام من ھەرگیز خۆشبەختی خۆم لەو شتانە نابینمەوە، چونکە لای من جوانترین و خۆشەویسترین شت بەردەوام بوون بوو لە گۆرانی، تەنانەت ھەمیشە خۆم وەک ماسیەک دەبینی کە بەبێ ئاو نەتوانێت لە دەریادا بژی!، منیش کە دووربم لە ھونەر، پێموایە ژیان ھیچ نرخێکی بۆ من نیە و نامێنێت.

تا دوا ھەناسە لە ئیزمیر دەمێنمەوە!
(تاتڵیساس)، فرمێسکە گەرمەکانی بەخوڕ دەھاتنە خوار و لەبەر خۆشیەوە دەیگوت: کە لە شوێنێک ئازار درای چۆن دەتوانیت بگەڕێیتەوە، لای ئەوان کە حەسرەتیان بە شکستەکانی ژیانت دەخواست، ڕۆژانەش بەرپێنەیان تێدەگرتم بۆ ئەوەی لە کارەکانم دوورکەومەوە، تا ئەو ڕۆژەی کە ھێرش کرایە سەرم و بەو شێوەیە لە ناخەوە ئازاریان دام و نەک تەنیا لە دەنگ و گۆرانی دووریان خستمەوە، بەڵکو ئازاری جەستەشم درا و بووم بە کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، کە ئەمە ھەرگیز بە ڕەوای نابینم کەسانێک ھێندە ڕق ئەستووربن بەرامبەر ھونەرمەندێکی گەورەی وڵاتەکەیان، ئەوەش وایکرد بگەمە ئەو بڕیارە دوورگەیەکی ئارام بۆ ژیان بدۆزمەوە و تا دوا ساتەکانی تەمەن لە ئیزمیر بمێنمەوە، چونکە لەوێ دا ھەست بە ئارامی و خۆشەویستیەکی زۆری خەڵکەکەی دەکەم.

دوعاکانی خەڵک و فەزڵی خودا منیان لە ژیان ھێشتەوە!
لە درێژەی قسەکانیشدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە کاتێک بریندار کرا لە ناوچەی شیشلی، نوژدارانی نەخۆشخانەی (ئاجی بادەم)، پێیان وابوو، تەنیا 24 کاتژمێری تر لە ژیان دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو پێیوایە، کە تەنیا دوعا و فەزڵ و گەورەیی خودا جارێکی تر ژیانی پێبەخشیتەوە و لەو سۆنگەوەش دەڵێت: خۆزگە لە کاتی ھێرشە دڵڕەقانەکەی کرایە سەرم بمردبام، نەوەک لەو حاڵەی ئێستا بژایابام و ژیان بۆ من ئێستا ھەموو ڕۆژێکی مردنێکە، تەنانەت ھەمیشە مردن لە دوورەوە خۆی نیشانم دەدات، چونکە وەک ئاماژەم پێداوە من بەبێ گۆرانی و موزیک لە ژیان، ھیچ مانایەکم بۆ خۆشبەختی بۆ نامێنێتەوە!

جارێکی تر خۆم کاندید دەکەم
لە کۆتا قسەکانیدا، ئەوەشی گوت: کە جارێکی تر لەسەر شارەوانی ئیزمیر بەنیازە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ شارەوانی ئەو شارە و دەیەوێ لە دوا وێستگەکانی ژیانی دا کاروانی ھونەری بگوازێتەوە بۆ کاری سیاسی و خزمەت بە ھاوڵاتیانی ئەو شارە بکات، کە دەمێکە خەون بە ئاوەدانی و جوانی ئەو ناوچەیە دەبینن، منیش ئەزمونێکی بەرچاوم ھەیە لە ڕوانگەی گەشانەوە و جوانی، دەشمەوێ ئەوەندەی کە تەمەنم ماوە خزمەت بەو شارە بکەم، کە بووەتە شوێنی حەوانەوە و ئارامی بۆ منی ھونەرمەند.

دیمانه‌:شیڤان شێرزاد
Back to top button