پارتی داوای سازدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌كات

بۆ تاوتویكردنی پرسی سازدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ عێراق كه‌ له‌ ئێستادا بووه‌ته‌ رۆژه‌ڤ به‌ تایبه‌ت كه‌ چه‌ند حزب و لایه‌نێك داواكارن هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێن و به‌شێكیشیان پێیان وایه‌ كه‌ كاتی گونجاو نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانی، شاندێكی پارتی سه‌ردانی به‌غدای كرد بۆ پێدانی روونكردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتیش ده‌ڵێت: پارتی ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.

خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی پارتی راگەیاند “لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمسیارانی بەغدا کۆبووینەوە و یەکێک لەو تەوەرانەی باسمان کردووە، ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بوو، تا ئێستە ئەو پرسە بڕیاری لەسەر نەدراوە، لەو بارەوە دوو بەرە ھەیە، بەرەیەک کە حکوومەتی عادل عەبدولمەھدییە و دەیانەوێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، بەرەیەکی دیکەش لە پەرلەمانەوە دەیانەوێ ھەڵبژاردنی پارێزگاکان ساڵی داھاتوو بکرێت”.

گوتیشی حکوومەت پێیوایە ھەر دوو ساڵ جارێک ھەڵبژاردن بکرێت و دوو ساڵ بۆ پەرلەمان دواتر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان، واتە لە ماوەی چوار ساڵدا دوو ھەڵبژاردن بکرێت کە ماوەی نێوان ھەردوو ھەڵبژاردنەکان دوو ساڵ بێت، بۆ ئەوەی کۆمسیۆن بتوانێت کارەکانی خۆی بکات.

خەسرەو گۆران ئاماژەی بەوە دا كە بابەتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و مەسەلەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنیی کەرکووک پرسێکی دیکەیە، تەنانەت بۆ کەرکووک، کۆمسیۆن پێیباش بوو جۆرێک لە ئاساییکردنەوەی دۆخ لەو شارە بکرێت، چونکە لە ٢٠٠٥ەوە تا ئێستە ھەڵبژاردن لەو شارە نەکراوە”.

ئەوەشی خستەڕوو “بەرەی دووەم کە بریتیین لە هاوپەیمانیی فەتح و سەرۆکی پەرلەمان، دەڵێن دەبێت ھەڵبژاردن بۆ ساڵی داھاتوو دوابخرێ و ئێمە وەک پارتی ھەر کاتێک بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆ ھەڵبژاردن ئامادەین”.

Back to top button