ئاکرێ… هەزار مەشخەڵ بۆ کردنەوەى ئاگرى نەورۆز ئامادە كراوە
هەموو سەری ساڵێكی كوردی، لە جەژنی نەورۆزدا، شاری ئاكرێ دەبێتە ڕووگەی گەشتیارانی كوردستان و دەرەوەش، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندیی شارەكە لە كردنەوەی ئاگری نەورۆزدا.
نزیکەى دوو مانگ دەبێت حەفت گرووپى قەزاى ئاکرێ کە لە گەنجە خۆبەخشەکانى سنوورەکە پێکدێن، مەشخەڵ دروست دەکەن بۆ کردنەوەى ئاگرى نەورۆز، تا ئێستە زیاتر لە هەزار مەشخەڵیان دروست کردووە.
گەنجە خۆبەخشەکانى ئاکرێ کە لە شارەکە بە “نەورۆزڤان” ناودەبرێن، هێندە بە دڵسۆزى و خۆشەویستییەوە ئامادەکارى بۆ نەورۆز دەکەن، وەک بڵێى ئەرکێک بە بەجێدەگەیەنن نەک کارێکى خۆبەخشانە دەکەن، ماوەى دوو مانگ رۆژانە سەرقاڵى دروستکردنى مەشخەڵ دەبن، هەر مەشخەڵێک قەدێک دار کە درێژییەکەى زیاتر لە مەترێک و گۆنییەیەک و بەستەرێکى پێویستە.
بوونى ژمارەیەکى زۆرى مەشخەڵ بەدەست گەنجانەوە لە قەدپاڵى چیاکانى ئاکرێ ساڵانە گەشتیاران لەناوخۆی هەرێمى کوردستان و وڵاتان بۆ خۆی رادەكێشێ.
سەرچاوەیەكی بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى و هونەرى ئاکرێ لەمبارەوە بە پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی راگەیاندووە كە رێوەڕەسمى نەورۆزى ئەمساڵ بە لادانى پەردە لەسەر پەیکەرى نەورۆز لە دەروازەى شار دەست پێ دەکات و جیاواز لە ساڵانى رابردوو هیچ هونەرمەندێک لە ئاهەنگە بەشدار نابێت، بەڵکو سەرجەم کارەکان بۆ پاراستى گیانى هاووڵاتیان و بەجێگەیاندنى رێوەڕەسمەکانى کردنەوەى ئاگرى نەورۆز دەبێت.