سەرکردەیەکی گۆڕان داوا دەکا هەر لەم مانگەدا سەرۆکایەتیی هەرێم کارا بکرێتەوە

سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان، هیوا دەخوازێت پێش کۆتایی ئەم مانگە، یاسای سەرۆکایەتیی هەرێیم کوردستان کارا بکرێتەوە و ”بە زووترین کات“ کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێندرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ئاداری ٢٠١٩، محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڤپەیڤینێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە: لەم ماوەیەدا جارێکیتر دەست دەکرێتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ برایانی یەکێتی و پارتی، ھیوادارین ھەردوولا بگەنە ئامانجێک و بڕیار بدەن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە زووترین کات پێکبھێنرێت.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان بەلایانەوە گرنگە هەر سێ لا بگەنە ئەنجام و حکوومەتێک پێکبهێندرێت کە بتوانێ ئەو بەرنایەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، جێبەجێ بکات.

لەو دیدارەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا، محەمەد تۆفیق رەحیم ڕوونی کردووەتەوە کە ئەوان وەک گۆڕان، ”ڕۆڵی ئەرێنی“ دەبینن، چونکە ”پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەم کابینە نوێیە پێکبھێنرێت، ئەوەشی کە لەسەری ڕێککەوتووین، دەست بکەین بەجێ بەجێ کردنی، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکە”.

لە کۆتاییدا پرسیاری ئەوەی لێکراوە کە ئاخۆ کەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێتەوە و حکوومەت پێکدەهێندرێت؟ لە بەرامبەریشدا سەرکردەکەی گۆڕان گوتوویەتی: ”ئێمە ھیوادارین پێش کۆتایی ئەم مانگە تەواو ببێت، لەسەر ھیچ ئەگەرێک قسە ناکەین، ئێمە دەڵێین پێویستە حکوومەتێکی بنکە فراوان پێکبێت و ھەموو لایەنەکانی تێیدا بەشدار بن، بەتایبەت ئەو سێ لایەنە (پارتی، گۆڕان و یەکێتی)”.

 

Back to top button