باندێكی دزیكردن لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دەستگیركرا

باندێکی پێنج کەسیی تاوانبار کە هەزاران گرام زێڕ و ٧ ئۆتۆمبێل و دەیان هەزار دۆلار و چەندان کاڵای دیکەیان دزیوە لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دەستگیركرا.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ئاسایشی هەولێر کە کەمێک لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ (خواكوڕك) نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە درێژەی چالاکییەکانی تیمەکانی بەدواداچوون و چاودێریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، توانیویانە باندێکی تاوانکاریی پێنج کەسی دەستگیر بکەن.

ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە باندەکە لە ماوەی ڕابردوودا ٢٠ تاوانی دزی و ڕێگریکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵانیان ئەنجام داوە و تێیدا (٦ هەزار و ٨٣٠ گرام زێڕ، ٧ ئۆتۆمبێل، ٩ هەزار و ٤٠٠ دۆلار، ٤١ مۆبال، ٣ ماتۆرسکیل و چەندان کەلوپەلی دیکە)یان دزیوە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە باندەکە لە هەندێک لەو تاوانانەدا خۆیان بە ناوی کارمەندی ئاسایش ناساندووە و دوای دەستگیرکردنیشیان دەرکەوتووە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاسایشەوە نییە.

لەو ڕاگەیاندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تاوانبارەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بەپێی ماددە ٤٤٣ی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات ئاسایشی هەولێر بەڵێنی بە جەماوەری شاری هەولێر داوە، هەردەم چاو کراوە بن بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ”بەردەوام هاوکاریی هێزەکانی پۆلیس و دامودەزگا یاساییەکان دەبین بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن“.

Back to top button