ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی دزی ڕاگەیاند

 

دوای دیاری کردنی شوێنی چەند تاوان بارێک کە هەزاران گرام زێڕ و ٧ ئۆتۆمبێل و دەیان هەزار دۆلار و چەندان کاڵای دیکەیان دزیوە ئەمڕۆ ئاسایشی هەولێر دەستگریرکردنی باندێکی پێنج کەسیی تاوانیان ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ئاسایشی هەولێر کە کەمێک لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ (خواکوڕک) نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە درێژەی چالاکییەکانی تیمەکانی بەدواداچوون و چاودێریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، توانیویانە باندێکی تاوانکاریی پێنج کەسی دەستگیر بکەن.

 

ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە باندەکە لە ماوەی ڕابردوودا ٢٠ تاوانی دزی و ڕێگریکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵانیان ئەنجام داوە و تێیدا (٦ هەزار و ٨٣٠ گرام زێڕ، ٧ ئۆتۆمبێل، ٩ هەزار و ٤٠٠ دۆلار، ٤١ مۆبال، ٣ ماتۆرسکیل و چەندان کەلوپەلی دیکە)یان دزیوە.

 

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە باندەکە لە هەندێک لەو تاوانانەدا خۆیان بە ناوی کارمەندی ئاسایش ناساندووە و دوای دەستگیرکردنیشیان دەرکەوتووە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاسایشەوە نییە.

 

لەو ڕاگەیاندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تاوانبارەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بەپێی ماددە ٤٤٣ی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

هاوکات ئاسایشی هەولێر بەڵێنی بە جەماوەری شاری هەولێر داوە، هەردەم چاو کراوە بن بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ”بەردەوام هاوکاریی هێزەکانی پۆلیس و دامودەزگا یاساییەکان دەبین بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن“.

 

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە..

ئەلبوومی وێنەکان

Back to top button