کۆسرەت رەسول: سەری ساڵی نوێ، دەست پێکی شۆڕشی و بەرەنگاربوونە بووە، هیواخوازین حوکمی کەرکووک بۆ کەرکووکیەکان بگەڕێتەوە

 

بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی کوردی و جەژنی نەورۆز كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، هیواخوازە دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و “حوكمی كەركووك بۆ كەركووكییەكان بگەڕێتەوە”.

لە پەیامێکدا بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی و راپەڕینی كەركووك، كۆسرەت رەسول رایگەیاند، هیواخوازە سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز، ساڵی ئاشتەوایی نێوان لایەنەكان و خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت.

كۆسرەت رەسول دەشڵێت “بەدرێژایی مێژووی گەلەكەمان، هەمیشە هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردی، وەرزی بەهار و هەڵكردنی ئاگری نەورۆز لە رۆژە سەخت و ناخۆشەكاندا، مژدەی خۆشی و ئازادی بۆ گەلی كورد پێبووە و ساڵی نوێبوونەوەی خەون و ئاواتەكان و سەرهەڵدانەوەی ئومێدی شۆڕش و رۆحی بەرەنگاری بووە”.

لەبارەی دۆخی کەرکووک، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی دەڵێت “ئەمڕۆ كە هاوكاتی جەژنی نەورۆز و ساڵڕۆژی رزگاركردنی كەركووكە، هیواخوازم دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و حوكمی كەركووك بۆ كەركووكییەكان بگەڕێتەوە. هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان دەست لەناو دەست كاربكەین بۆ خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و هەوڵی جدی بدەین بۆ تەواو جێبەجێكردنی بەرنامە و پلانی ڕاپەڕین و هەموو ئەو ئامانجانەی ساڵەهایە قوربانی بۆ دەدەین”.

كۆسرەت رەسول عەلی پەیامێکی ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییەكان کردووە و دەڵێت “جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی بكەینە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و بونیاینانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و خزمەتكاری كوردستانیان، هەوڵەكان بخەینەگەڕ بۆ مسۆگەركردنی ئایندەیەكی رۆشن بۆ خۆمان و نەوەكانمان”.

لەبارەی راپەڕینی کەرکووک لە 1991، كۆسرەت رەسول رایگەیاندووە “28 ساڵ لەمەوبەر و هاوكاتی هاتنی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز، لەدرێژەی راپەڕینی كوردستانیان رزگاركردنی كەركووك تاجی سەركەوتنی تەواوەتی لەسەری راپەڕین ناو، بەخوێنی شەهیدانی سەركردەی وەك شەهید عەبدولڕەزاق و شەهید حەمەعەلی بەر خانەقا و دەیان و سەدان شەهیدی قارەمانی دیکە، مژدەی یەكجارەكی ئازادی چرپاندە گوێی هەموو كوردێك”.

Back to top button