سەرکردەیەکی یەکێتی: هیچ کەسێک لەناو یەکێتی ناتوانێت رێککەوتنێک جێبەجێ نەکات واژۆی کۆسرەت رەسولی لەسەربێت
دوای ئەوەی پارتی ویەکێتی ڕێککەوتنێکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت واژۆکرد، لە ئێستادا یەکێتی داخوازی جیاوازتری لەو داواکاریانە هەیە کە لە رێککەوتنەکەی لەسەر کراوە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، کەس ناتوانێ لەنێو حزبەکەیدا واژۆی کۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ”بشکێنێت“ و ئەو ڕێکککەوتنەی بە واژۆی ئەو کراوە، دەبێ جێبەجێ بکرێت.
محەمەد وەتمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند: “بەلای یەکێتییەوە حەتمییە کە لە کۆبوونەوەی پێکھێنانی حکوومەتدا دەبێ بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دا، ئەمڕۆش نەبێ، سبەی دەبێ ڕێککەوتن بکرێ، چونکە یەکێتی و پارتی ناکرێ پێکنەیەن، بەڵکوو دەبێ پێکەوە حکوومەت پێکبێنن”.
ڕوونیشی کردەوە کە دەبێ ڕێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان یەکێتی و پارتی کە لە ٤ی ئاداری ٢٠١٩دا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی پارتی و کۆسرەت ڕەسووڵ بە نوێنەرایەتیی یەکێتی واژۆ کرا، ”جێبەجێ بکرێت“. گوتیشی: ”۱۰۰٪ دەبێ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێ و واژۆی کۆسرەت ڕەسووڵ پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە”.
لەبارەی ھەوڵی تێکدانی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لەلایەن گرووپ و باڵەکانی یەکێتییەوە، ئەو سەرکردەیەی حزبەکە ڕای گەیاند: ”باوەڕ ناکەم کەس بتوانێ ئەم ڕێککەوتنە و ڕێککەوتنی کاک کۆسرەت بشکێنێ، تا ئێستا کەسیش ناڕازی نەبووە”.