پارتی بۆیەكێتی: ئەگەر جێگری سەرۆكی ھەرێمتان دەوێ بڕۆنە لای گۆڕان

دوای دوو رێكەوتن لەگەل پارتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، لە بەرامبەریشدا پارتی پێی گوتوون، لەمبارەیەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ بکەن.

دوێنێ سێشەممە ١٩ی ئاداری ٢٠١٩، هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پشک و بەرکەوتەی یەکێتی لە سەرۆکایەتییەکان و کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

(خواكوڕك) لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی یەکێتی بە فەرمی داوایان لە شاندی پارتی کردووە، پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یەکێتی بدرێت.

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە لە بەرامبەر ئەو داواکارییەی یەکێتیدا، شاندی پارتی گوتوویەتی کە ئەو پۆستە پێشتر بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری لێدراوە و لای گۆڕانە، بۆیە ئەگەر پۆستەکەتان دەوێت، دەبێ لەگەڵ گۆڕان قسە بکەن.

بە مەبەستی بەشدارینەکردن لە پرۆسەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی یاساکە،یەكێتی یاری بە کات دەکات.

Back to top button