راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم:”هیوادارم هەموو لایەک کێشە و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن”
مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی بەبوونەی جەژنی نەورۆزەوە بلاوكردەوە.
دەقی پەیامەكە:
پەیامی پیرۆزبایی كاك مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی نەورۆز
بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردیەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم. ھیوادارم رۆژانی جەژن لە کەشێکی ئارام و پڕ لە خۆشیدا بەسەر بەرن.
یادە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و لەوانەش نەورۆز ، فاکتەری کاریگەری پرۆسەی بنیاتنانی نیشتمان و نەتەوەن، بۆیە ئاواتەخوازم یادکردنەوەی ئەم بۆنە نیشتمانیانە لەو چوارچێوە کلێشەییانەی تەنیا خوێندنەوەی پەیام و پیرۆزبایی دەربچن. یادکردنەوەی بێ ناوەڕۆک، چەمکی یادە نیشتمانیەکان کەمڕەنگتر دەکات و لە ئەنجامدا ئەم بۆنە مێژوویانە بایەخی خۆیان لای جیلەکانی داهاتوو لە دەست دەدەن.
پێویستە هێما نیشتمانییەکان فاکتەری بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری بن و هاندەرمان بن تاکو وێڕای هەموو جیاوازییەکان، لە خزمەتی نیشتماندا یەکبگرینەوە و بە یەکریزی و کۆکردنەوەی تواناکان بەرەو ئایندەیەکی پرشنگدار و پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو بنێین.
دڵسۆزی بۆ نیشتمان دەبێت لە کردەوەکانماندا ڕەنگ بداتەوە، بۆیە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، هیوادارم هەموو لایەک کێشە و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن، تاکو پێکەوە دەسکەوتەکانمان پەرە پێ بدەین و هەڵەکان ڕاست کەینەوە و خزمەتێکی شایستەی گەڵ و نیشتمانمان بکەین.
مەسرور بارزانی
٢٠/٣/٢٠١٩