پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە
بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی كوردیەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی كوردیەوە، چەپكە نێرگزی پیرۆزبایی پێشکەشی گەلەكەمان لە كوردستان و هاونیشتیمانیان لە سەرتاسەری جیهان دەكەین، پیرۆزبایی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدە نەمرەكان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەكەین و، هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە موژدەی ساڵێكی پڕهات و خێر و خۆشی پێ بێت بۆ كوردستانیانی خۆشەویست و خۆراگر.
نەورۆز، دیرۆكی دێرینی بەر لە هەزاران ساڵی نەتەوەكەمانە و لە نێوكوولتوری رەسەنی میللیماندا سەریهەڵدا و سەرچاوەی گیانی مانەوە و خۆراگری بووە، هەروەك نەریتێكی نەمرو جەژنێكی مێژوویی و نەتەوەیی، نیشانەی ژیاندۆستی و رابوون و هێمای خۆری ئازادی و تێكشكاندنی زنجیری ژێردەستی و زۆرداری بووە.
نەورۆز، وەك داستانێكی مێژوویی و رۆژێكی چارەنووسساز، هەردەم سروشبەخشی بەرەنگاریی و شۆڕش بووە دژ بە ستەم و چەوساندنەوە، هەروەها ئەڵقەیەكی گرنگی نێو زنجیرەی راپەڕینەكانی ئاداری (1991) ە، كە هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدان و راپەڕینی شاری كەركووكی دڵی كوردستان، لەگەڵ ئازادكردنی شاری برایەتی و خۆراگریی، هەر بەو بۆنەیەوەو بە یادی (28) هەمین ساڵیادی راپەڕینی شاری كەركووك، وێرای هەلومەرجی ناهەموارونەویستراوی ئەو شارە خۆشەویستە، پیرۆزباییەكی گەرم لە هاووڵاتیان و خەڵكی ئەو شارە دەكەین و هیوای بەختەوەری و ئاسوودەیی و سەرفرازیان بۆ دەخوازین.
نەورۆز، سەری ساڵی كوردی و یەكەم رۆژی وەرزی بەهارەو پەیامی نوێبوونە و هەبوونی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمانە، لەو هەلومەرجە هەستیارەی ئەمڕۆشماندا هیواخوازین جەژنی نەورۆز وەك چۆن سیمبوولی تێكۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانیمانە، ئاوهاش هاندەر و مایەی پتەوبوونی هاوهەڵوێستی و یەكڕیزی و برایەتی گشت پارت و لایەنە سیاسیییەكان بێت تا بتوانین بە یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكانمان زیاتر داكۆكی لە دەسكەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان بكەین و هەنگاوی كاراتر بنێین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهاتنی ئامانجە نزیك و دوورەکانی گەلەكەمان.
لەم جەژنی نەورۆز دا ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەکو ھەمیشە جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و یەكدەنگیی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و ھاوکات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و زیاتر پتەوكردنی گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانی و رەخساندنی زەوینەیەكی ئەوتۆ کە كۆتایی بە گیروگرفت و كێشەكان بهێنین و لە ئاست خواست و داواکاری جەماوەر و زیاتر لە خەمی خۆشگوزەرانی و ئارامیی تێکڕای هاووڵاتیان دابین.
یادی نەورۆز، هاندەر و هەوێنی بەردەوام بوونی خەبات و تێكۆشان و ئومێدبەخشی زیاترمانە بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان و بەرقەراربوونی زێتری سەقامگیریی و ئاسوودەیی…
جارێكی دیكە جەژنی دێرین و مێژوویی و نەتەوەییمان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2719ی کوردی لە هاووڵاتییان و تێكڕای كوردستانیانی خۆشەویست، پیرۆز بێت…
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
1ی خاكەلێوەی2719ی كوردی
21ی ئاداری 2019ی زایینی