رێبوار تاڵەبانی: بە بۆنەی جەژنی نەورۆز سوپاسی ئەو پێشمەرگانە دەكەین كە لە 16ـی ئۆكتۆبەر سەریان دانەنەواند
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بۆ بەرز راگرتنی ئەو یادە نەتەوەییە, لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان, ئاهەنگ و مەراسیمی تایبەت بەڕێوەچوو, لە ناحیەیی پردێ پێشمەرگە ئەو یادەیان بەرز راگرت, سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە گوتارێكدا لە میانەی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز رایگەیاند، سوپاسی ئەو پیشمەرگانە دەكەم، كە لە 16ی ئوكتۆبەر سەریان بۆ ئەو واقیعە دانەنەواند، كە ویستییان بەزۆر بەسەر گەلی كورددا بسەپێنن.
رێبوار تاڵەبانی گوتارەكەیدا وێڕای پیرۆزباییكردن لە گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان، دووپاتیكردەوە، هیوامان وا بوو ئێستا لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردستان بە ئاڵاكەمانەوە ئەو ئاهەنگانەمان سازكردبان.
گوتیشی: سوپاسی تەواوی ئەو پیشمەرگانە دەكەم، كە لە 16ی ئوكتۆبەر سەریان دانەنەواند و خۆیان رادەستی ئەو ئەمرە واقیعە نەكرد كە ویستییان بەزۆر بەسەر گەلی كورددا بسەپێنن، كە سەدام و حكوومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق پێیان نەكرابوو، بەڵام بەداخەوە ئەو كەتنەی عەبادی كردی درێژكراوەی هەمان پەیڕەوی سیاسەتی حكوومەتەكانی پێشوو بوو لە دژی گەلی كورد.
رێبوار تاڵەبانی داواشی لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، بە زووترین كات كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە بە ناوچەكانی ماددەی 140 ناسراون، بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بكرێن، كە ئێستا مافەكانی ئەو ناوچانە پێشێل دەكرێن و لە دۆخێكی نادەستووری و نایاساییدا گوزەر دەكەن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك جەختی كردەوە، ئەوەی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كراوە، تا ئێستا لە هیچ حكوومەتێكی دیكە قبووڵمان نەكردووە. داواشیكرد، دان بەو مافانەی گەلی كورددا بنرێت، كە دوای ساڵی 2003 بە بەردەوامی پێشێل دەكرێن.