هەر شۆفێرێك ئەم ئامێرە بەکاربێنێت 500 هەزار سزا دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی هۆشداری ده‌دات  بە شۆفێران لە بەکارهێنانی ئامێری رادار بۆ ئاشکراکردنی شوێنی کامێراکانی تیژرەوی و سزاکەیشی بە 500 هەزار دینار دیاری دەکات.

کاروان محەمەد گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، به‌پێی رێنمایی ژمارە شەشی ساڵی 2016ی وەزارەتی ناوخۆ کە بەواژووی وەزیری ناوخۆی هاتووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ پێداگری دەکات، هەركەسێك ئامێری رادار بۆ ئاشكراكردنی كامێراكانی هاتوچۆ بەكاربهێنێت و لە ئۆتۆمبێلەكەیدا بگیرێت، بە بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.

زیاتر گوتی، هەروەها لە رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆیشدا هاتووە کە هەر دووكاندارێك ئەو ئامێرە بفرۆشێت لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێت و رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە، خاڵە سنوورییەكان بۆ رێگری کردن لە هێنانی ئەم ئامێرە بۆ هەرێمی کوردستان تووندتر دەکرێت.

روونیشی کردەوە، تا ئێستە چەند حاڵەتێكی بەكارهێنانی ئەو ئامێرە هەبووە و دەستی بەسەردا گیراوە و سزایش بۆ شۆفێرەكان كراوە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کاتێکدایە کە ئامێری ئاشکراکردنی کامێرای تیژرەوی لەلایەن شۆفێرانەوە بووە بە دیاردە.

 

Back to top button