یەکێتی تا کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم یاری بە کات دەکات

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێت بەشداری لە کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و لەمبارەیەشەوە یاری بە کات دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا، چەندان کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕوپڕ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین هێزی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام دراوە و لە ٤ی ئاداری ٢٠١٩شدا ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان هەردوولا واژۆ کراوە، هەرچەندە پاش ڕێککەوتنەکە سەرکردەکانی یەکێتی باسیان لەوە دەکرد کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش دەکەن، بەڵام دواتر بە بیانووی جیاجیا، دۆخەکەیان دواخست و لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتیشدا دوێنێ سێشەممە ١٩ی ئاداری ٢٠١٩، پارتی و یەکێتی بڕیاریان دا گفتوگۆکانیان بۆ دوای پشووەکانی نەورۆز دوابخەن.

بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست کەوتوون، یەکێتی یاری بە کات دەکات تاوەکوو بەبێ بەشداریی ئەوان، یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموار و کارا بکرێتەوە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە دوای کاراکردنەوەی یاساکە، یەکێتی لە دانوستانەکاندا زۆر نەرم دەبن، بەڵام ئێستا دەیانەوێ بە جەماوەری خۆیان بڵێن کە لەو پرۆسەیەدا بەشدارییان نەکردووە، ئەگەری ئەوەش هەیە کە لە داهاتوودا بەشێک لە ململانێکانی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، لەو ڕێگەیەوە بکەن کە گۆڕان پێداگرە لە هەموارکردنەوە و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

Back to top button