هەسەدە: دوا مۆلگەی داعشی لە باغۆز کۆنتڕۆلکرد، کۆتای داعشی ڕاگەیاند
دوای زیاتر لە دوومانگ گەمارۆدانی داعش لە باغۆزی ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەمڕۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆتاییهاتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیێندراوێکدا هەسەدە رایگەیاند، داعش لە گوندی باغۆز لە پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا، تێک شکا و بە تەواوی کۆتایی هات.
چەند هەفتەیەکە هەسەدە بە پاڵپشتیی سوپای ئەمریکا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر دوایین بنکە و بارەگاکانی داعس لە سووریا لە گوندی باغۆز دەست پێ کردووە.
شەوی چوارشەممە 20-3-2019، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە ”ئەمشەو“ داعش کۆتایی پێ دێت.
داعش دوای رووخانی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003 لەژێر چەندین ناوی رێکخراوی تیرۆریستیی جۆراوجۆر دروست بوو و دەستی بە کردەی تیرۆریستی کرد. دوای داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا لە ساڵەکانی 2013 و 2014، خەلافەتی خۆی لە ناووچە داگیرکراوەکان راگەیاند.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە