حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوەکەی موسڵ ماتەم ڕادەگەیەنێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕووداوە کارەساتبارەکەی دوێنێ شاری موسڵ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ هەینی 22/3/2019، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕووداوە کارەساتبارەکەی دوێنێ شاری موسڵ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، “خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ كارەساتی گیانلەدەستدانی دەیان كەس لە هاووڵاتیانی شاری مووسڵ كە دوێنێ لە ڕووباری دیجلەدا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێكەوە گیانیان سپارد”.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، “لەیەكەم ساتی ڕووداوەكەشەوە هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی تەندروستی و فریاگوزاری لە هەرێمی كوردستان ڕاسپێردراون بەدەم برینداران و لێقەومانه‌وه‌ بچن و بە شێوەیەكی بەردەوام لە چاودێریكردنی ڕەوشەكەداین، ئەمەش بە ئەركی نیشتمانی و برایەتیی هاوبەشمان دەزانین”.

جەختیشکراوەتەوە، کە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار و هاوبەشی ماتەمی گشتییە لە عێراق و بەم بۆنەیەشەوە چالاكی و ئاهەنگە فەرمییەكانی جەژنی نەورۆز ڕادەگرێت.

دوێنێ پێنجشەممە 21/3/2019، لە ناوچەیەکی گەشتیاری باشووری شاری موسڵ بەلەمێک لە نێو ڕووباری دیجلە وەرگەڕا و لە ئەنجامدا دەیان کەس بوونە قوربانی.

Back to top button