به‌رهه‌م ساڵح خۆی گوتی من بەڕەچەله‌ك عەرەبم

نیاز حاجی

کاتێک ھوشیار زێباری بەھۆی گەلەکۆمەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، بەشێک لەوانەی ئێستا بەھۆی کوردبونەوە بەرگری لە بەرھەم صاڵح دەکەن ئەوکات بەشی زۆریان ھەڵوێستێکی تریان ھەبوو، ھەر ئەوان بوون دەستخۆشیان لە دورخستنەوەکەی ھوشیار زێباری دەکردو بە باشترین کاریان لەقەڵەم دەدا، بگرە بەشێک لەو بەناو کوردانە دەنگیشیان لەسەر دورخستنەوەی دا و پەنجەی سەرکەوتنیان بەرز دەکردەوە!
ئەگەر دورخستنەوەی ھوشیار زێباری بەبیانووی گەندەڵیەوە بۆبێ، خۆ ھێرشەکەی سەر بەرھەمصاڵحیش ھەمان شت بوو، ئەی نەمانبینی دەیانگوت”شلع قلع کلکم حرامیە”، بۆیە بابەتی ھێرشکردنە سەر بەرھەم صاڵح ھیچ پەیوەندیەکی بەکوردبوونەوە نیەو بەو بەیت و باڵۆرانە کەس ھەڵناخەڵەتێ، ئەوەی رویدا تەنھا کاردانەوەیەکی ئاسایی بوو لەدژی کەسێک کە نیازی نمایش و خۆدەرخستنێکی بێمانای ھەبوو لەلایەن خەڵکێکی عەرەبەوە بۆ سەرۆکەکەی خۆیان و نەیانویستووە بەسەریانەوە تێپەڕێت!
بەرھەم صاڵح یەک حزبی بەجەماوەر و دەنگەکانیەوە بە قوربانی کورسی سەرۆک کۆماری کرد و ھیچ حورمەتێکی بۆیان نەھێشتنەوە، چ پێویست دەکا کەسانێک بەرگری لێ بکەن!
ئەو بە کەژاوەی ئۆتۆمۆبیلەکانی سەرۆک کۆمار رۆیشت بۆ موزایەدە و نمایشکردن، نە جلی کوردی لەبەر بوو نە ئاڵای کوردستانیش بە سەر ئۆتۆمۆبیلەکانیەوە بوو نە بەکوردیش قسەی دەکرد تا منیش دوای ھێرشەکە ناچاربم وەک کوردێک بەرگری لێبکەم.
ئەگەر بەرھەم صاڵح ھەستی کوردایەتی ھەبوایە، دەبوایە بۆ جەژنی نەورۆز لەکەرکوک بوایەو یادەکەی لەکەرکوک بکردبایەوەو رێگربایە لەو ھەموو سوکایەتی و موڵەتە دوو کاتژمێریەی کە بۆ کورد و حزبەکەی لە کەرکوک دانرا بوو بۆ جەژنی نەورۆز، کێشە نیە ئەوکات ئاڵایەکی عێراق و کوردستانیشی بەرزبکرابایەوە نەک چەند دانەیەکی ئاڵای کوردستان بەقاچاغ ببرێتە شوێنی ئاھەنگەکە، ئەوکات دەستخۆشیمان لێ دەکردو ئەگەر نەشمانگوتبا کارێکی باشی کرد ئەوا لایەنی کەم بێدەنگ دەبوین و نەماندەتوانی رەخنەی لێبگرین، نەک وەک بینیمان کە داوەتنامەی بەخشیەوە بۆ کەسایەتی و سەرکردەکانی عێراق بۆ ئەوەی لەجەژنی نەورۆز سەردانی پارکەکەی لە سلێمانی بکەن و پلێتی فڕۆکە و ھاتوچۆ و شوێنی حەوانەوەشی بۆ دابینکردن کە ئێستا ئەوە خۆی لەخۆیدا دۆسیەیەکی گەندەڵیە و وا خەریکە شەقامی بەغدا لەسەری دەجولێت، یان با داوەتی کەسایەتی و سەرکردەکانی عێراقی بکردایە بۆ یادی کارەساتی ھەڵەبجەو بودجەی بۆ تەرخانکردبا و خۆی بەشداری تێدا بکردبا نەک راوێژکارێکی پەیام بۆ یادەکە بنێرێ!

لە دوێنێوە چەندین نوسەری بەکرێگیراو نەفیرعامیان بۆ ڕاگەیەنراوە دەستیان بە نوسینی شانامە و حورمەتنامە کردووە دەیانەوێ ئەو سەردانەی بەرھەم صاڵح بە قارەمانێتی پێشانبدەن، ھەموو ئەو نوسینانەشیان بۆ مەبەستی میکیاژکردن و پەردەپۆشکردنی شەرمەزاریەکەی دوێنێیە و دەیانەوێ بەکوردایەتی پێمانی بفرۆشنەوە ، ھەندێک لەو بەناو نوسەرانە بابەتەکە بەکورد بوون دەبەستنەوە و ھەندێکیش وەک پێشەی رابردویان دەڵێن دەستی پارتی تێدایە!لەکاتێکدا ئەو ھەموو قەڵەمە بەکرێگیراوە پێشتر بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر دوو دێریان نەنوسی کەچی ئەمڕۆ بۆ بەرھەم صاڵح بەدەنگ ھاتوون!
کێشەکە لەوەدایە ئەو ھەموو زوڕناژەنە بەکوردی دەنوسن، خۆ بەعەرەبیان بنوسیبا شتێکیان بە شتێک دەکرد و عەرەب باشتر لەو نوسینانە حاڵی دەبوون!
بیریشتان نەچێ، لەکاتی خۆ پاڵاوتنی بۆ سەرۆک کۆمار، خۆی گوتبووی من بەڕەچەڵکەک عەرەبم!

Back to top button