خەڵكی باكوری كوردستان ئامادە نیە بۆ پەكەكە و هەدەپە بێتە سەر شەقام

خواكوڕك
 
پاش گیرانی هەردوو هاوسەرۆك و شارەدار و ئەندام پەرلەمانتارانی هەدەپە، بۆ چەندین جارە پەكەكە بەشێوەی جۆڕاو جۆڕ داوا لە خەڵكی باكوری كوردستان دەكات، برژێنە سەر شەقامەكان بەڵام تا وەكو ئێستا خەڵك بەدەم داواكاری پەكەكە ناچێت.
 
عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو بابەتە بۆ خواكوڕك گوتی، شەڕی خەندەق لە باكوری كوردستان نزیكەی هەشت سەد هەزار كەسی لەشارەكان دەربەدەر كردوو، تەقینەوەكانی رێكخراوی تاك بۆتە هۆكاری ترس و تۆقاندن لە باكوری كوردستان، ئەمانە وا لە خەڵكی باكوری كوردستان دەكات دوور بكەونەوە لە پەكەكە.
 
نیاز حاجی نووسەر و توێژەری سیاسی دەلێت کوردانی باکور لە یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی رابردوی پەڕلەمانی تورکیا بە کردار متمانەی خۆی بە هەدەپە دا ونزیکەی ۸٠ کورسی هێنا ، ئەوان بۆ ئەوەیان بوو تا بەخەباتی مەدەنی و پەڕلەمانی مافەکانی کورد بچەسپێنن و بەرەوپێشی ببەن، بەڵام هەدەپە نەیتوانی خۆی ئەو ئەمانەتە هەڵگرێت و نەیتوانی خۆی لە سیاسەتەکانی پەکەکە دەرباز بکات کە لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێ بۆیە دوای ئەوە لە هەڵبژاردنی دووەمدا ئەو متمانەیەیان بە هەدەپە نەبەخشیەوە و نزیکەی ۳٠ کورسیان کەمی کرد ، دواجا هەدەپە لەجیاتی دەرس لەو ئاگادارکردنەوە و سەرنج راکێشانەی کوردانی باکور وەرگرێت ، بە پێچەوانەوە هەر بەردەوام بوو ، پشتگیریان لە کارەتیرۆریستیەکانی پەکەکە کرد بۆیە ئێستا ئامدەنین هیچ بەرگریەک لە هەدەپە بکەن جونکە دەزانن ئەو سیاسەتەی هەدەپە لەزیان زیاتر هیچی لێ شین نابێت.
 
رێكان سەباح شارەزایی سیاسەتی توركیا بەخواكوڕكی گوت، پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە پێم خۆشە ئەوە بلێم كە پەكەكە ئەوەندەی وەك رێكخراوێكی رێكخستنی خۆی وێنا كرد ئەوەندە وەك رێكخراوێكی سیاسی نەبوو، بۆیە رێكخراو رێكخستنی و چەكداری وەك پەكەكە زیاتر لەسەر وەتەرەكانی سۆزی خەڵك لەباكوری كوردستان و دۆزی رەوای كورد لەباكوری كوردستان دەژیت و ئامرازەكانی رێكخستنیی و چەكداری ئەو حزبە لەسەر بنەمای راكێشانی سۆزی خەڵكە، بەڵام پەكەكە لەو دوو ساڵەی رابردوو ئەو دەمامكەی شكاندوو بەئاراستەی زیان گەیاندن بە قەزیەی كورد و خەڵكی سڤیلی كورد هەنگاوی ناو شەڕی مان و نەمانی خۆی خستە گرەوەوە ئەمەشە وا لە خەڵك دەكات لەنێوان نەمان و ژیانی خۆی ژیان هەڵبژێرێت و بەدەم داواكاریەكانی پەكەكە نەچێت، چیتر جوگرافیایی باكوری كوردستان نەكاتە بابەتی یەكڵاكردنەوەی تەسفیە حیسابی ئیقلیمی.
 
 
ئاسۆ حاجی نووسەری و رۆژنامەنووس هەر لەبارەی بەدەمەوە نەهاتنی خەڵكی باكوری كوردستان بۆ داواكاریەكانی پەكەكە بەخواكوڕكی گوت، من پێم وایە خەڵكی باكوری كوردستان باوەری بە پەكەكە نەماوە و چونكە خەڵكی باكوری كوردستان لە زەمینی ئاشتی دا 80 پەرلەمانتاری بەخشی بەهەدەپە، هەدەپەش لەسەر ئاستی ئەوروپا و دونیای دەرەوە پێشوازی زۆری لێكراو لەسەر ئاستی دونیا بانگێشتی ئەو حزبە دەكرا، بەڵام پەكەكە و سەركردەی كلاسیكەكانی پەكەكە، دەستیان لە شەرعیەتی شۆرەشگێری بەرنەداو رێگایان بەهەدەپە نەدا سیاسەت بكات و دەلێت سەركردە كلاسیكەكانی پەكەكە لەقەندیل قبوڵیان نەكرد گەنجە سیاسیەكان جێگای ئەوان بگرێتەو و دەلێت ‎گەنجێكی ئەفەندی كە بەژیانی فیشەكێكی نەتەقاندووە چۆن دەكرێ شەرعیەتی شۆڕشگێڕی كەسانێك بخاتە مەترسی، چونكە ئەگەر پڕۆسەی چارەسەی سەریگرتبا لەباشترین حالەتدا ئەوان دەبوونە میوانی وڵاتێكی سێیەم‌و ڕەنگە تەلەفزیۆنەكان لەبەرنامە مێژوویەكان‌و كەسایەتیە مێژوویەكان جاروبار وەبیر خەڵكیان هێنابانەوە بۆیە ئەوان دەمیرتاش‌و هەڤاڵان‌و سەركەوتنەكانیان كردە قوربانی مانەوەی هەموو شانازیەكان بۆ خۆیان وەك یەكەیەك كەشایەنی پارچەكردن نەبێت.
 
 
هەر لەو بارەیەوەش بەهمەن كاك عەبدوڵا چاودێری سیاسی، گوتی خەلکی باکوری کوردستان ، باش دەزانن بەشەڕ و خوین ڕشتن نەک هەر ناگەن بەئامانجەکانیان بەڵکو ئارامی و ئاسایش ی ژیانیشیان لێ تیکدەچیت ، هەربۆیە دەبینین دوای دەست پێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەلایەن ئاک پارتیەوە ، خەلکی باکور بەئومیدەوە لەو پرۆسەیان دەڕوانی و لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دا دەنگەکانی خۆیان لەنیوان ئاک پارتی و هەدەپ دابەشکرد و بەشی زۆری دەنگەکانی خۆیان دا بەهەدەپ دا بەڵام کاتیک هەدەپ نەیتوانی خۆی لەژیر هەژموونی پە کە کە دەربازبکات و پەکەکەش بەکوشتنی دوو پۆلیس پرۆسەی ئاشتی وەستاند ، خەلکی باکوری کوردستان لە هەلبژادنی دووبارە دا ۲۱ کورسی پەرلەمانیان لە هەدەپ وەرگرتەوە ئەمەش بەلگەیەکی روون و ئاشکرایە کە باکور شەڕی ناویت.هەر لەوكاتەش كە پەکەکە شەڕی بردە ناو شارەکان بوەهۆی ماڵ ویرانی و کوشتار بۆخەلکی باکورو ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەو دەربەدەر بوون بەلام هاوکاری پەکەکەیان نەکرد بۆیە پەکەکە شکستی هیناو شەڕەکەشی باکوری کوردستانی توشی ویرانی و ئاوارە بوون کرد .
Back to top button