لە ترسی شەڕی پەکەکە و تورکیا ئەمساڵ سەیرانگەکانی شیلادزێ چۆڵن
بەهۆی ترسیان لە بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە، ئەمساڵ گەشتیاران سەردانی ناوچەی گەشتیارییەکانی شیلادزێ ناکەن کە ساڵانی ڕابردوو جمەیان دەهات.
لە سنووری شارەدێی شیلادزێ ژمارەیەک شوێن و ناوچەی گەشتیاریی هەن کە ساڵانە لە کاتی هاتنی وەرزی بەهار و هاوین بە هەزاران گەشتیار سەردانیان دەکەن، بەتایبەت لە ڕۆژنانەی جەژنی نەورۆز لە نموونەی ناوچە گەشتیارییەکانی (ئاڤا مارکی-بانیا رێنجبراخە- چەمێ مێشو- چەمێ جیا) کە دەکەونە دەڤەری رێکان لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی.
بەلام ئەمساڵ بە هۆی مەترسییەکانی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ ناوچەکە بەبیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەو ناوچە گەشتیارییانە چۆڵن و گەشتیاران سەردانیان نەکردوون بە تایبەتی لە سێ ڕۆژ نەورۆزی ئەمساڵ.
ئێستا بۆ پاراستن و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە داوایان لە خەڵک و گەشتیاران کردووە کە سەردانی ئەو ناوچە گەشتیارییانە نەکەن ئەمەش لە ترسی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا.
شیاوی ئاماژە پێدانە کە لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ١٨ کەس کە خەڵکی سڤیلی سنووری شارۆچکەی ئامێدی و شارەدێی شیلادزێ بوون بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوونە.